کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی جیددی لە دانوستانە ناوکییەکان وەک خۆی ماوەتەوە

20:03 - 5 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دوای دانوستانە ناوکییەکانی ئەمجارەی دیپلۆماتەکانی دەوڵەتی ئامریکا و رێژیمی ئێران ناکۆکییەکان وەک خۆی مایەوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دانوستانە ناوکییەکانی نێوان دەوڵەتی ئامریکا و رێژیمی ئێران دوای سێ کاتژمێر وتووێژ لە ژنێڤ بی هیچ ئەنجامێک کۆتایی پێهات و ئەوەش لە حاڵیکدایە کە عەباس عەراقچی ئەندامی پایەبەرزی دانوستانکاری رێژیمی ئێران وتی: ناکۆکییەکان وەک خۆی ماوەتەوە.

دوای دانوستانی ئەمجارەی خولی نوێی وتوویژەکانی نێوان زەیف و کێری عەباس عەراقچی وتەبێژی پێشووی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنی لە یەکێک لە کاناڵە فەرمییەکان رایگەیاند: دانوستانەکانی ژنێڤ هەتا ئێستا لەسەر پرسە کلیدیەکان بە ئاکام نەگەیشتووە و هەروەها وتی: درز لە نێوان وتووێژەکان هەیە، ناکۆکییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ رێگا چارەیەک بۆ پرسی ناوکی نەدۆزراوەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاندووە کە ناکۆکی جیددی لە نێوان لایەنی دانوستان کارەکان هەیە و هەڕەشەی کردووە لە ئەگەری درێژەدان بەو دۆخەی ئێستا و قەبووڵ نەکردنی مەرجەکان لەلایەن رێژیمی ئێران ئامریکا دانوستانەکان بەجێ دەهێڵێت.

ژمارەی سانترییفیوژەکان، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و کاتی رێکەوتن سێ بابەتی بنەڕەتی لە دانوستانەکانن کە هەتا ئێستا جێگای ناکۆکی بوونە و بێ چارەسەری ماونەتەوە.

یەکێک لە خاڵە جێناکۆکییەکان ژمارەی سانتریفیژەکانە کە ژمارەی ٢٠ هەزار سانتریفیوژ لە ئێراندا چالاکن و ئامریکا داوای کەمکردنەوەی ژمارەی سانتریفیوژەکان بۆ چەند سەد دانە دەکات، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران لەسەر چالاکی و درێژەپێدانی کاری هەزاران سانتریفیوژ پێداگری دەکات کە ریژیم بەو رێژەیە لە سانتریفیوژەکان دەتوانێت پیتاندنی ئورانیۆم بکات.

هەروەها ناکۆکییەکی دیکەی نێوان دەوڵەتی ئامریکا و رێژیمی ئێران بۆ گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە کە رێژیمی ئێران بەردەوام خوازیاری ئەوەیە کە لە کاتی رێکەوتن دەبێت هەموو گەمارۆکان لابردرێن، بەڵام ئامریکا لەو باوەڕە دایە کە گەمارۆکان دەبێت بەپێی خشتەی زەمانی لابردرێن.

بەشێکی دیکەی ناکۆکییەکان بۆ ماوەی رێکەوتن دەگەڕێتەوە کە رێژیمی ئێران دەیهەوێت ماوەی رێکەوتنەکە بۆ ٣ هەتا ٥ ساڵ بێت کە ئامریکا دەیهەوێ بۆ ماوی ٢٠ ساڵ بێت و رێژیمی ئێران قەبووڵ ناکات.

گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی بە دژی رێژیمی ئێران لە ٦ ساڵ لەمەوبەرەوە لە بوارەکانی ئابووری، زانستی، سیاسی و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە داسەپاوە.
شوورای ئەمنییەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی هەتا ئێستا شەش بڕیارنامەی دژی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران پەسەند کردووە.

گەمارۆکانی شورای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا، گەمارۆ یەک لایەنەکانی ئامریکا، بریتانیا، هولەند، بلژیک، سوئیس، فەرانسە، ئاڵمان، کانادا و.. و هەروەها گەمارۆکانی کۆنگرەی ئامریکا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە لە گەمارۆکانی دیکەی دژی رێژیمی ئێرانە کە بۆ لابردنی هەرکام لەو گەمارۆیانە، پێویستە بڕیارەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوەندانەی کە گەمارۆکانییان پەسەند کردووە.
رایەدارانی رێژیمی ئێران وەک خامنەیی و رۆحانی بەردەوام بە پێداگری لەسەر پاشەکشە نەکردنی ئەو رێژیمە لەسەر بەربامەی ناوکی، گەمارۆکانیان بە کۆمەڵێک لاپەڕەی دڕاو لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دانەناوە.

گادەر. د