کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران درێژەی هەیە

20:35 - 12 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە درێژەی دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، دیسان هۆشداری دا.

بەپێی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، جێن ساکی، وتەبێژی وەزیری دەرەوەی کاروباری ئامریکا رایگەیاندووە کە نیگەرانییەکانی ئامریکا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران زیاتر بووە.

جێن ساکی لەو پەیوەندییەدا جەختی کردووەتەوە: لە پەراوێزی دانوستانە ناوکییەکان، ئێمە چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە کە سەبارەت بە پەروەندەی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و پشتیوانی ئەو رێژیمە لە تێرۆریزم، نیگەرانین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ نیگەرانی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئامریکا سەبارەت بە پەیوەندی و هاوکارییەکانی رێژیمی ئێران و حیزبووڵڵا نیگەرانە.

لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە راپۆرتێکی ٦٥٦ لاپەڕەییدا کە بە ٢٥مین راپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤ ناسراوە، سەرەڕای رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، رایگەیاند کە مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا بەردەوام پێشێل کراوە.

لە راپۆرتی جیهانی ساڵی ٢٠١٥ی چاودێری مافی مرۆڤدا هاتووە کە کەسانی سەرکوتکەر لە هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی ئێراندا دەسەڵاتی بەربڵاوی خۆی راگرتووە و لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا تاوانی گەورەیان دژی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە.

ئاویەر. ت