کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانە سەلاسی باوەجانی لە بوونی پێرسۆنێلی شارەزا بێ‌بەرییە

18:29 - 27 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، لە خزمەتگوزاریی و ئیمکاناتی پێڕاگەیشتنی پزشکی و پزشکی شارەزا بێ‌بەشە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی بنکەی تەندروستی رێژیم لە شاری سەلاسی باوەجانی رایگەیاندووە: کە نەخۆشخانەی ئەو شارە هەم لە باری پێرسۆنێلەوە و هەمیش لە باری ئیمکانات و کەسەرەی پزیشکییەوە، یەکێک لە هەژارترین نەخۆشخانەکانی ئێرانە.

نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانی لانی‌کەمی خزمەتگوزاریی دەرمانیی بۆ هاووڵاتییانی ئەو شارە نییە و لە کاتی روودانی نەخۆشییە ئوورژانسییەکان، بەناچار روو لە نەخۆشخانەکانی شارەکانی دیکە دەکەن.

بە هۆی نەبوونی داهاتی پێویست، هاووڵاتیان لەگەل کێشیە تەندروستی و لەش ساغی بەرەڕوو دەبنەوە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەخۆشەکان بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکی گیانیان لە دەست دەدەن.
حەشیمەتی شاری سەلاسی باوەجانی زیاتر لە ٣٣ هەزار کەسە.

گەڵاڵەی دروستکردنی نەخۆشخانە لە شاری سەلاسی باوەجانی ماوەی یەک ساڵە پەسند کراوە، بەڵام هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

کێشەی نەبوونی نەخۆشخانە و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی رێژیمی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵ ناگرن.

ئەمە لە حاڵێکدایە كە هاووڵاتییانی ئێران بەدەست كەمیی نەخۆشخانە و نەبوونی پزیشك و كەلوپەلی پزیشكیەوە دەناڵێنن، رێژیمی ئێران سەرقاڵی دروستكردنی نەخۆشخانە لە وڵاتی عێراقە.

وەزیری تەندروستی رێژیمی ئێران سەبارەت بە ئەو پرسە جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین پزیشكی بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشەكانی عێراق رەوانەی بەغدا و كەربەلا كردووە.