کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەدانی مووچەی ٦ مانگی ٢٠٠ کرێکار لە مەهاباد

19:28 - 16 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دوو سەد کرێکاری شیرکەتە چوارقۆڵییەکانی سەرمایەگوزاری سەوز حەقدەستی ٦ مانگی رابردوویان پێنەدراوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پێنەدان و درەنگ پێدانی حەقدەست و مووچەی پێرسۆنێل و کرێکاران لە کوردستان و دەرنەچوونی مافی بیمە و هەروەها مەترسی دەرکران لەسەر کار و نەبوونی ئەمنییەتی کار بەرۆکی کرێکارانی گرتووەتەوە و ئەوانی تووشی کێشە وگرفتی زۆر کردووە.

راپۆرتەکان لە مەهاباد باس لەوە دەکەن کە ٦ مانگ مووچەی ٢٠٠ کرێکاری کارخانەی کشت و سەنعەتی مەهاباد، موجتەمەعی دامداری و سەنعەتی مەهاباد، موجتەمەعی هۆما مۆرغی مەهاباد و ساردخانەی زەمزەمی مەهاباد نەدراوە کە لە چوارچێوەی شیرکەتێکی چوارقۆڵی لەژێر ناوی شیرکەتەکانی چوارقۆڵی سەرمایەگوزات سەوز سەرقاڵی کار کردنن.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کاری ئێران، ژمارەی کرێکارانی ئەو شیرکەتە چوارقۆڵییە لە ماوەی ٧ ساڵی رابردوودا لە ٦٠٠ کەس کرێکار بۆ ٢٠٠ کەس دابەزیوە.

دەوترێت کە لە جۆزەردانی ئەمساڵ هەتا کۆتایی سەرماوەز، نزیک بە ١٤٤ کرێکاری شیرکەتە چوارقۆڵییەکانی مەهاباد لەسەر کارەکانیان دەرکراون و هەتا ئێستا لەگەڵ ئەو کرێکارانە پاکانە نەکراوە.

دوای دەرکرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی کورد لە شیرکەتە چوارقۆڵییەکان و نەدانی حەقدەستی کرێکارانی دیکە، رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز، نزیک بە ١٠٠ کەس لە کرێکارانی ئەو شیرکەتە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی نالەباری داواکارییەکانیان دەربڕی کە بەرپرسانی رێژیم تا ئێستا هیچ وڵامێکی روونیان بە کرێکاران نەداوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا کرێکاران و پێرسۆنێلی پێترۆشیمی مەهاباد، حەقدەستی سێ مانگی خۆیان وەرنەگرتووە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دوای پێنەدانی پارەی ٣ مانگ لە مووچەکانیان لەلایەن بەرپرسانی پێترۆشیمی، کرێکاران و پێرسۆنێلی ئەو کارخانەیە بە شێوەی گرووپی دەستیان داوەتە مانگرتن، بەڵام بەرپرسانی کارخانە هیچ وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

ئاویەر. ت