کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتیانی کورد، قوربانیی بەردەوامی مینە چێندراوەکانی رێژیمی ئێران

19:49 - 2 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دوای برینداربوونی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین، ژمارەی قوربانیانی مین لە کوردستانی رۆژهەڵات لە زستانی ئەمساڵدا گەیشتە ١٠ کەس.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد کە شوناسی ناوبراو لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە ئەحمەد رەسووڵی راگەیەندراوە، بە هۆی تەقینەوی مین تووشی کەم ئەندامی بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی هەڵوێ سەر بە بەخشی نەڵاسی سەردەشت بووە.

هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندووە کە ئەحمەد رەسووڵی لە ناوچەی قاسمە رەشـی سەردەشت تووشی ئەو رووداوە بووە.

دەوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای تەقینەوەی مین بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی سەردەشت گواستراوەتەوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە سڵامەتیی جەستەیی لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی شەممەی رابردووش لە جاددەی نەفت‌شار لە نزیک پاسگای زین الکش مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق تەقییەوە.

لەو رووداوەدا هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی نوورعەلی سەفەری خەڵکی گوندی تەنگاو سەربە قەسری شیرین بە توندی بریندار بوو و بە هۆی قووڵی برینەکەی گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان لە سەرەتای زستانی ئەمساڵدا هەتا ئێستا ١٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە کوردستانی رۆژهەڵات کوژرا و بریندار بوون.

ئاویەر. ت