کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر تاكێكی ئێرانی لە ڕۆژدا تەنیا ٢ كاتژمێر و ٥٢ خولەك كار دەكات

14:34 - 6 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: بەشێوەی نێونجی و لە ٢٤ كاتژمێردا، هەر هاووڵاتیەكی ئێرانی تەنیا ٢ كاتژمێر و ٥٢ خولەك كاری بەكەڵك ئەنجام دەدات، كە بە بەراورد لەگەڵ پێوەرە نێونەتەوەییەكان زۆر لە خوارترە.

ڕۆژنامەی ئارمان لە ژمارە ٢٩٣٥ی خۆیدا ئاشكرای كرد، خەڵكی ئێران بەشێوەی نێونجی ٢ كاتژمێر و ٥٢ خولەك سەرقاڵی كاركردنن و لەبەرامبەریشدا، ١٣ كاتژمێر و ١٣خولەك هەوڵی پاراستن و پارێزگاری كردن لە خۆیان دەدەن.

ئەم ئامارە كە پاش لێكۆڵینەوەیەك لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاو كراوەتەوە، باس لەوەش دەكات كە ئێرانییەكان لە شەو و ڕۆژێكدا ٢ كاتژمێر و ٨ خولەك لە كاتی خۆیان بۆ كەڵك وەرگرتن لە ڕاگەیەنە گشتییەكان و تەنیا ٢ خولەك لە كاتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی كاری خێرخوازانە و خۆویستانە تەرخان دەكەن.

بەپێی ئەم ئامارانە دیاریكردنی كات بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكان لە ئێراندا، بەپێی بڕوانامەكانیش دەگۆڕدرێت، بۆ وێنە ئەو كەسانەی كە هەڵگری بڕوانامەی دۆكتۆران، ٤ كاتژمێر و ١ خولەك بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان تەرخان دەكەن و كەمترین ڕێژەش بەر ئەو كەسانە كەوتووە كە لە باری خوێندەوارییەوە لە ئاستێكی نزمدان.

ئەم ڕاپۆرتە لەكاتێكدا بڵاو دەبێتەوە كە بەپێی ئامارەكان، نێونجی كاری هەر هاووڵاتییەكی ژاپۆنی لە ٢٤ كاتژمێردا، بریتیە لە ٧ كاتژمێر و ٤٥ خولەك.