کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرێمی کوردستان خۆی بۆ سەربەخۆیی ئامادە دەکات

14:53 - 2 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە خەڵکی کوردستان خۆیان بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ئامادە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوێنێ سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە خەڵکی کوردستان خۆیان بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن و داواشی لە هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە هاوکار بن و دەرفەتی بەشداریی کردن بۆ هەموو لایەنێک بڕەخسێنن.

بارزانی مانگی پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە پرسی سەربەخۆیی لە دەستووری کاری هەرێمی کوردستاندایە و لەو پرسەش پاشگەز نابنەوە.

هەرێمی کوردستان هەنووکە نەوتی خۆی سەربەخۆ لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشیت، کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەغدای لێ‏کەوتووەتەوە.

ئەوە بۆ چەندەمین جارە کە هەرێمی کوردستان باسی سەربەخۆیی دەکات، ئەوەش ناڕەزایەتیی بەغدای بەدواوە بووە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا سەربەخۆیی مافی بێ ئەملاوئەولای هەر نەتەوەیەكه‌.

بەهۆی ئەوەیکە دەوڵەتی عێراق توانای ئەوەی نییە بەسەر کێشە و قەیرانەکان‌دا سەرکەوێت و ناتوانێت دژی تیرۆریزم شەڕ بکات، و هەروەها یەکگرتووییەک لە گوتاری بەرپرسانی باڵای سیاسیی ئەو وڵاتەدا بوونی نیە، هەرێمی کوردستان داوای سەربەخۆیی دەکات و لەو پێوەندییەش‌دا، وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیە و وڵاتانی عەرەبی، پشتیوانییان لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

پێشتریش لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر دانووستانەکانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا شکست بخوات، ئەوە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیەنێت.