کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردە نەوتییەکانی رێژیمی ئێران زیاتر لە ٨٠% دابەزیوە

15:00 - 18 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: هەناردە نەوتییەکانی رێژیمی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیاتر لەسەدا ٨٠ دابەزیوە و ئابووری ئەو وڵاتە لە دۆخێکی زۆر دژوار و تایبەت دایە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نزیک لە رێژیم، وەزیری وزەی رێژیم رۆژی هەینی ریکەوتی ١٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاند رێژەی هەناردە نەوتییەکان بە هۆی گەمارۆ ئابوورییە نێو دوڵەتییەکان بۆ کەمتر لە یەک لەسەر پێنج دابەزیوە و نرخی نەوت لە سەرووی ١٠٠ دولار بۆ ٤٠ دولار داکشاوە و ئەوەش دەرخەری ئەو مەسەلەیە کە ئابووری ئێران لە دۆخێکی دژوار و تایبەت دایە.

لەو پەیوەندییەدا بانکی جیهانی ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاندبوو کە ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوە و ئێران نەتوانێت هەتا سەرەتای شەش مانگی ئەمساڵ لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لەسەر بەرنامەی ناوکی رێککەوێت، داهاتی گشتی هەناردە نەوتییەکانی ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا ٢٣ میلیارد دولار دەبێت ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی داهاتی هەناردە نەوتییەکان ١٢٠ میلیار دولار بووە.

بەپێی یاسای بوودجەی ئەمساڵ وا دانراوە کە ئێران رۆژانە دەبێت یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو و تواندنەوە گازییەکانی هەبێت.

دەیوید کۆهەن جێگری کاروباری تێرۆریزم و سەرچاوە ماڵییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی خەزێنەداری ئامریکا رایگەیاندووە: ئەگەر نرخی نەوت لەم ئاستەدا بمێنێتەوە ئێران لە ماوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ شەش وڵاتی زلهیزی جیهانی کە بۆ ماوەی ٧ مانگ درێژ کراوەتەوە ١١ میلیارد دولار زیان دەکات.

لەو پەیوەندییەدا موحسێن رەزایی، دەبیری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام (مجمع تشخیص مصلحت نظام) رایگەیاندووە کە ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا پەسند کراون هەناردە نەوتییەکانی ئێرانی لە سەدا ٥٠ کەم کردووتەوە و داهاتە نەوتییەکانی ١٠٠ میلیارد دولار دابەزاندووە.

رێکخراوی نێو دەوڵەتی بانکی جیهانی ماوەیەک پێش ئێستا سەبارەت بە ئێران بڵاوی کردبووە کە سەرەتا ئابووری ئێران لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکی بەرەوڕوویە کە یەکێکیان گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە کە بەربەستێکی گەورەیە بۆ پەرەسەندنی ئابووریی ئەو وڵاتە و پاشان گرێدراوی ئابووری ئەو وڵاتە بە نەوتە کە لەو بارودۆخەی ئێستادا کە نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە هیچ سوودێکی بۆ ئێران نییە و هەروەها رێژیمی ئێران بۆ هاوسەنگ کردنی بوودجە پێویستە هەر بەرمیلێکی نەوت بە سەرووی ١٣٠ دولار بفرۆشێت لە حاڵێکدا هەنووکە هەر بەرمیل نەوتی خاو ٤٥ دولارە.
بە داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە دژی رێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە ئابووریی ئەو ولاتە گەیشتووە کە دەتوانین ئاماژە بە داخرانی بنکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان، بلوکە کرانی دارایی ئێران لە بانکە دەرەکییەکان، وەرنەگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و رەوتی هەڵکشانی لە رادەبەدەری بێکاری و هەژاری بکەین.
رایەدارانی رێژیمی ئێران وەک خامنەیی و رۆحانی بەردەوام بە پێداگری لەسەر پاشەکشە نەکردنی ئەو رێژیمە لەسەر بەربامەی ناوکی، گەمارۆکانیان بە کۆمەڵێک لاپەڕەی دڕاو لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دانەناوە.

گادەر. د