کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵدانی هەواڵدەرییەکانی سەربە رێژیمی ئێران بۆ خەوشدارکردنی ناوی هەڵسووڕاوانی یارسان

18:53 - 22 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی هەوڵ و تەقالای رێژیمی ئێسلامیی ئێران بۆ خەوشدارکردنی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئاستی ئێران و بەتایبەت کوردستان، هەواڵدەریی ئەدیان نیوز هەواڵێکی ناڕاستی بلاو کردووەتوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی خۆی رەوتی خەوشدار کردنی ناوی کەمیینە ئایینی و مەزهەبییەکانی کوردستانی گرتووەتە پێش.

هەواڵدەریی ئەدیان نیوز کە سەربە رێژیمی ئێرانە و لە پێناوبانگەشە و رەوایی پێدانی مەزهەبی شیعە چالاکی دەکات، بەردەوام بۆ خەوشدارکردنی ئایینەکانی دیکە وەک ئایینی یارسان تێدەکۆشێت.

لە نوێترین حاڵەتدا، ئەم هەواڵدەییە، هەواڵێکی لە ژێر ناوی گەندەڵیی بەرین لە خانەقای یارسانەکان بڵاو کردووەتەوە؛ هەواڵێک کە لەلایەن چالاکانی یارسانی ناراست وەسف کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دەقە وێڕای تۆمەتبار کردنی پیرەکانی یارسان بە دەستدرێژی بە منداڵێک هاتووە : پەیڕەوانی ئایینی یارسانی بە هۆی بێسەوادی پیرەکانی ئایینی یارسان تووشی خورافات بوون.

یەکێک لە چالاکانی یارسانی لەم پەیوەندییەدا رایگەیاندووە: چەند وەخت جارێک میدیاکانی رێژیمی ئێسلامیی دەسەڵات بەدەست لە ئێران، نووسراوەگەلێک کە ناوەڕۆکێکی پڕ لە سووکایەتی پێکردن بە کۆمەڵێک لە دانیشتوانی جوگرافیای ئێران تێدا هاتووە بڵاو دەکەنەوە، لە راستیدا رێژیمی ئێران بەو شێوەیە مافی هاووڵاتیان بە تاک و کۆمەڵ پێشێل دەکات.
ئەم چالاکە یارسانییە لە درێژەدا، هەر لە پەیوەندی لەگەڵ خەوشدار کردنی ئایینی یاری لەلایەن رێژیمی ئێران رایگەیاند: هەر چەند جارێک نۆرەی ئەندامانی ئایینی یارسانییە کە بە شێوەی راستە وخۆ یان ناراستەوخۆ بکەوێتە بەر شەپۆلی ئەو تێسرەواندنەی میدیاکانی رێژیمی ئێران.
رێژیمی ئێسلامیی ئێران، سەرەڕای هەوڵدان بۆ خەوشدارکردنی ئایینی یارسان، بەردەوام بە بیانووی ناڕاست چالاکانی یارسانی سەرکوت دەکات و ئەم سەرکوت کردنە لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا تا رادەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

یارسانی ئایینێکە کە بە رێوڕەسمی تایبەتی عیرفانی بە شێوەی گشتی لە کوردستانی ئێران و عێراق پەیرەوانێکی زۆری هەیە. مێژووی راستی چۆنییەتی دروست بوونی ئەم ئایینە نادیارە، بەڵام پەیڕەوانی ئەو ئایینە، باوەڕیان بە ئەزەڵی و ئەبەدی بوونی ئایینەکەیان هەیە.

ئەم ئایینە لە قۆناغی جۆراوجۆری مێژوودا بڕگەی جۆراوجۆری تێپەڕ کردووە، بەمێژینەترین دەقی مەزهەبیی یارسان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووهەمی کۆچی، و هێندێک لە نیایشگاکانیشیان بۆ پێش لە ئێسلام دەگەڕێتەوە، بەڵام پێکهاتەی ئێستای ئەم ئایینە بۆ سەدەی حەوتم دەگەڕێتەوە کە سوڵتان سەهاک دایمەزراندووە کە لە ناو بیروبڕوای پەیڕەوانی یارسانی بەرزترین پلەی مەعنەویی هەیە.

ئاویەر.ت

12055.jpg