کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە پرسەی شەهیدانی پێشمەرگەی دەستی داعش لە وڵاتی هۆلەند کرد

15:20 - 2 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی هۆلەند، لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشیی شەهیدانی پێشمەرگە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شەڕ دژی داعش‌دا شەهیدبوون، بەشداریی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری ئامستردام لە وڵاتی هۆلەند، کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ شەهیدانی ئەم دوواییانەی دەستی داعش بە خانەخوێی پارتی دێموکراتی کوردستان و بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەلێکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی هۆلەند بەڕێوەچوو.

لەو کۆڕەدا، لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی پارتی دێموکراتی کوردستان، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی حەسەن مەجیدی بەرپرسی گشتیی کومیتەی حیزبی دێموکرات، بە پێشکەشکردنی وتارێک، هاودەردیی و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و بەشداربووان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە داعش بۆ ئێمە وەک کوردانی ڕۆژهەڵات، شتێکی نامۆ نییە و بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەوەی داعش ئێستا دەیکات، لەو سەردەمەدا بە دانی حوکمی جیهاد لە لایەن خومەینییەوە بۆ سەر کوردستان، بگرە لە هەندێ شوێن خراپتریش بەڕێوەچووە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تا ئێستاکەش وەک یارمەتیدەری داعش لە هاوکێشەکانی عێراق و سووریەدا دەوری هەیە.