کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ رێژە تەڵاق رووی لە هەڵکشان دایە

14:30 - 23 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێژەی تەڵاق لە پارێزگای ئورمیە رووی لە هەڵکشان دایە و بە پێچەوانەوە رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش رووی لە داکشان دایە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی رێژیم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکانی رێژیم لە پارێزگای ئورمیە رایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەیکە رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش رووی لە داکشان دایە لە ماوەی ١٠ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٨ هەزار و ٤٥١ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە ئەو رێژەیە بە بەراوردی ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو داکشانی بەخۆیەوە بێنوە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم رایگەیاند کە نرخی تەڵاق لە ماوەی ١٠ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەسەدا ٧ بەرزبووەتەوە و وتی لە ماوەی ١٠ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا ٤ هەزار و ٩٨٤ رووداوی تەڵاق تۆمار کراوە کە ئەو رێژەیە لە ئەمساڵدا بۆ ٥ هەزار و ٣٣٣ حاڵەت بەرز بووەتەوە.

بە پشت‌بەستن بە ئامارەکانی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتی رێژیمی ئێران لە هەر ٦ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ئورمیە، یەک حاڵەت تەڵاق رووی داوە.

ئاماری تەڵاق لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ بەرز دەبێتەوە و کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتيش ئەو دۆخه‌يان بە سۆنامیی تەڵاق لە قەڵەم داوە.

لە ئێراندا زۆربەی تەڵاقەکان لە گرووپی تەمەنی ٢٥ هەتا ٣٠ ساڵدا روو دەدات، ئاماری بەرزبوونەوەی لە سەدا ٤ی تەڵاق لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە باس لەوە دەکات کە زۆربەی تەڵاقەکان لە نێو ژناندا بە رێژەی لە سەدا ١٤،٥ لە گرووپی تەمەنی ٢٧ هەتا ٢٩ ساڵ تۆمار کراوە و لە سەدا ١٦،٢ی تەڵاقەکانیش لە نێو پیاوان هەر لەو تەمەنەدا بووە.
لە راپۆرتێکدا کە لە رێکەوتی ٩ی رەزبەری ١٣٩٣ بڵاو کرایەوە لە سەدا ٨٠ی تەڵاقەکان لە ئێراندا لە خوارەوەی تەمەنی ٣٠ساڵ دایە.

بەرز بوونەوەی نرخی بێکاری و تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان سەرەکیترین هۆکاری تەڵاق بە ئەژمار دێت و بە سەرنجدان بە بەرز بوونەوەی نرخی تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان و نرخی بێکاری لە سنە، ئەم پارێزگایە لە بواری ئاماری تەڵاق لە سەرەوەی پارێزگاکانی ئێران جێی خۆش کردووە.

گادەر. د