کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ مووچەی خانەنشینیی بە مامۆستایانی قوتابخانەکان نادرێت

12:54 - 9 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی پێنەدرانی مووچەی خانەنشینی، ماموستایانی قوتابخانەکانی ئورمیە ناچارن بگەڕێنەوە سەر پۆلەکان و درێژە بە وانە وتنەوەیان بدەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەپێی یاساکانی رێژیمی ئێران، فەرهەنگیان وەک ماموستایانی قوتابخانەکان دوای ٢٥ ساڵ لە وانە وتنەوەیان لە قوتابخانەکان بە مەرجی قەبووڵی ئیدارە، خانەنشین دەکرێن.

راپۆرتەکان لە ئورمیە باس لەوە دەکەن کە ماموستایانی ئەو قوتابخانانەی کە ساڵی رابردوو دوای قەبووڵی ئیدارەی پەروەردە و بار‌هێنان خانەنشین کراون هەنووکە مووچەی خانەنشینی وەرناگرن.

یەکێک لە فەرهەنگیانی ئورمیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە کە مامۆستایانی قوتابخانەکان مووچەی خانەنشینیان پێ نادرێت، بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: مامۆستایانی ئەو قوتابخانانەی کە خانەنشین کراون، بە هۆی ئەوەیکە رێژیمی ئێران مووچەیان پی نادات، ناچار گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان و درێژە بە خزمەتەکانیان دەدەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باسە، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی کە ساڵی رابردوو لە ئورمیە خانەنشین کراون، ٩٠٠ کەس راگەیاند.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ مامۆستایەکی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی توێژی فەرهەنگیانی کۆمەڵگا بە تایبەت مامۆستایان رایگەیاند: مامۆستایان ئەگەر لە کاتی مامۆستایەتیدا سەرقاڵی کارێکی دیکە نەبن و هیچ لێهاتووییەکیش بە دەست نەهێنن دوای خانەنشینیش، ناتوانن کارێکی شیاو بدۆزنەوە و بە هۆی مووچەی کەمی کاتی خانەنشینیان کە هەنووکە چەندین مانگیشە وەدوا دەخرێت و زۆرجاریش پێیان نادرێت، ژیانیان بۆ هەڵناسوورێت و کێشەیان هەیە.

راپۆرتەکان لە ئورمیە باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە سەرچاوە ماڵییەکان کە مامۆستایان چاویان لێیەتی خەڵاتی دوای خزمەتەکەیانە کە دەوترێت هەنووکە بە هەموو مامۆستایەکان نادرێت.
یەکێک لە مامۆستایان خەڵاتی دوای خزمەت ئەو جۆرە پێناسە دەکات: خەڵاتی دوای خزمەت، بڕە پارەیەکە کەمە کە سەرەڕای کەمیی ئەو پارەیە بە شێوەی قستی دەدرێت بە کارمەندان کە بۆ هیچ کارێک بەدەرد ناخوات.

ئەو راپۆرتانەی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە باس لەوەدەکەن کە ئەم مامۆستایانە داوایان کردووە دوای ٢٥ سال خزمەت خانەنشین بکرێن، رایانگەیاندووە کە لە ئەگەری بەڵێنی بە وەرنەگرتنی خەڵات و لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەو مامۆستایانە، قەبووڵ دەکرێت.

ئاویەر. ت