کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی دراوسێی کوردستان بە چەکدارکردنی پێشمەرگە تووڕەن

15:13 - 9 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: پڕچەک کردنی هێزی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە، نیگەرانیی و تووڕەیی وڵاتانی ناوچەی لێ‏کەوتووەتەوە.

سەرچاوە هەواڵنێرییەکان باس لەوە دەکەن کە وڵاتانی ناوچە و بەتایبەتی دراوسێی کوردستان وەک ئێران، عێراق، تورکیە و... بە ناردنی چەک و چۆڵ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ناڕازین و ئەمەیشیان بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وتووە.

لەپاش هێرشی داعش بۆ سەر خاکی کوردستانی باشوور، یارمەتیدانی کورد و پێشمەرگە لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە بە ئازاد و دێموکرات ناسراون دەستی پێکرد و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.

دوێنێ سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە شاری ڕۆمادی کە لە داعش پاک کرایەوە، ڕایگەیاند کە بە زووترین کات شاری گەورەی مووسڵ لە دەستی تیرۆریستان ئازاد دەکەن و تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ هەموو داعش لە خاکی عراق وەدەردەنێن.

هەر لەم پێوەندییەدا، هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕزگاریی مووسڵی بە بێ بەشداریی پێشمەرگە بە نەلواو زانی.

نزیک بوونەوەی وادەی هێرش بۆ سەر داعش لە شاری مووسڵ، پێشمەرگەی زیارتر لە جاران خستووەتە ڕۆژەڤی نیزامی و سیاسیی ناوچەکە و باس لە پڕچەک کردنی ڕاستەوخۆی هێزی پێشمەرگە دەکەن.

دوێچەوێلە لە ڕاپۆڕتێکدا دەنووسێ: وڵاتانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا، ئیتالیا، نۆڕوێژ و هۆلەند، سەرقاڵی ڕاهێنان و فێرکاریی نیزامیی پێشمەرگەن.

پێشمەرگەی کوردستانی باشوور تا نێوەڕاستی بەهاری ٩٤، زیاتر لە ٦٠ میلیۆن یۆرۆ یارمەتیی نیزامیی لە ئاڵمان وەرگرتووە و بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئەم بڕە پارەیە لە ساڵی نوێی زایینی دەگاتە ٤٠ میلیۆن یۆرۆ.

حەوتووی ڕابردوو، ئەد ڕۆیس، لێپرسراوی کۆمیتەی دەرەوەی کۆنگرەی ئەمریکا بە ڕاشکاوی گوتبووی؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای بەغدادەوە پێشگیری لە ناردنی ڕاستەوخۆی چەک و چۆڵ بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

تورکیەش لە پشتیوانیی چەکداریی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان قەڵسە و بە توندی ڕەخنەی لەو سیاسەتە گرتووە و ئەمەی بە سەرەتای جیایی کوردستان لەقەڵەم داوە.

هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لە ئێستادا خەریکی ڕاهێنانی دوو هێزی ١٠ هەزار کەسی لە پێشمەرگەی کوردستانە و هەموو کەرەستە و چەکێکیان لە لایەن ئەو وڵاتەوە بۆ دابین دەکرێت.

ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی ١٢٠ هەزار پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە زۆربەی هەرە زۆریان لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش بەشدارن.