کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکا لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە دژی رێژیمی ئێرانی رەت کردەوە

15:25 - 16 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە گەڵاڵەی هاوبەشی گشتیی نیسبەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران رایگەیاند کە گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران وەک خۆیان دەمێننەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکا سەبارەت بە لابردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکان دژی رێژیمی ئێران رایگەیاند، بەپێچەوانەی ئیدعای حەسەن رۆحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران و پشتیوانی دەوڵەت، هەموو گەمارۆ ئابوورییەکان پاش تاوتوێکردنی راپۆرتی لێکۆڵەران و گۆڕانی هەڵسوکەوتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکی هەڵدەپەسێردرێت یان لادەبردرێت.

دانوستانەکانی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی بە ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوامە و هەتا ئێستا بە ئاکامێکی گشتیی نەگەیشتوون، بەڵام پاش خولی ئەم دواییانەی دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ لە لۆزانی سویس، ئەم وڵاتانە بە رێکەوتنێکی پەنامەکی (توافقی ضمنی) گەیشتوون کە ناوەڕۆکی لە بەیاننامەیەکدا دراوەتە دەرێ.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە رێژیمی ئێران نابێت درێژە بە بەرنامەی پێشکەوتووی ناوکی خۆی بدات و لە بنکە ئەتۆمییەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی ناوکی کەڵک وەرگیردرێت و ئیمکانی لێکۆڵینەوە، لەلایەن پشکێنەرانی رێکخراوی وزەی ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک بێنێت.

رێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئەم داخوازییەی وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا داوای کردووە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی دژ بە رێژیمی ئێران وەلانێت، بەڵام ئەم داواکارییانە لەلایەن وەزارەتی خەزانەداریی ئامریکاوە رەت کراوەتەوە و ئەم وەزارەتە رایگەیاندووە کە لابردنی گەمارۆ ئابوورییە کان دژی رێژیمی ئێران هەتا کاتی خۆی و گۆڕانی هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکی لە سەر جێگای خۆی دەمێنێت.

لە رۆانگەی زۆربەی سیاسەتمەداران و کارناسانی ئابووری، بەیاننامەیەک کە لە کۆتایی دانووستانە ناوکییەکاندا درایە دەرەوە، لە بواری مافی نێودەوڵەتییەکان هیچ بوارێکی یاسایی نییە و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە یەکجاریی و ئاسایی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوایی ئەنجام نادرێت.

ئەم رێکەوتنە ناوکییە لەلایەن بەرپرسانی باڵای رێژیمی ئێران کەوتووەتە بەر رەخنەی توند و ئەو رێکەوتنەیان بە شکستی کۆماری ئیسلامی ناوبردووە و لە لایەکی دیکەوە زۆربەی رێبەرانی وڵاتانی دیکەش بەردەوام نیسبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران گۆمانن هەیە و درێژکردنەوەی دانووستانە ناوکییەکان لەلایەن ئەو رێژیمە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی لە قەلەم دەدەن.

گادر.د