کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە نیسبەت سیاسەتی تایفەگەریی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی

21:18 - 17 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: مەولوود چاووش ئۆغلوو، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا، بە نیسبەت سیاسەتە تایفەگەرییەکانی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی. ناوبراو دەڵێ سیاسەتە تایفەگەرییەکانی ئێران، بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ناوچە بەئەژمار دیت.

به‏پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتێرز، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی تورکیە لە وتوێژێکدا لە گەڵ کەناڵی دووهەمی تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەی گوتی؛ تورکیە بەردەوام پشتیوانیی لە ئێران کردووە و خوازیاری پەیوەندیی باش لەگەل ئێران بووە، بەڵام هاوکات گوتیشی کە تاران دەبێ لە تۆمەت وەپاڵ‏دان خۆ ببوێرێ.

هەرچەند وەزیری دەروەی تورکیە ئاماژەی بە حاڵەتێکی تایبەت نەکردووە، بەڵام وێدەچێت کە ئەو وتانە، درێژەی ناڕەزایەتیی تورکیە لە خستنەڕووی هێندێک بابەت لە میدیاکانی ئێران و دەربڕینەکانی بەرپرسانی ئێران لەمەڕ پەیوەندیی منداڵان و هێندێکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی سەرۆک کۆماری تورکیە لە گەڵ کڕینی نەوتی داعشدا بێت.

حوسین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری وڵاتانی ئەفریقایی و عەرەبی، ڕۆژی ڕابردوو گوتبووی کە؛ چوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیە بۆ خاکی عێراق، هەوڵێکی نابەجێ و ناتەبایە لەگەڵ تەناهیی ناوچەکەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، مۆحسێن ڕەزایی، بەرپرسی کۆڕی گشتیی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا گوتبووی؛ ئەگەر حکوومەتی تورکیە ئاگاداری فرۆشی نەوتی داعش لە وڵاتی خۆیدا نیە، ئێمە ئامادەین ئەو زانیارییانە بخەینە بەر دەستیان.

بە وتەی ڕەزایی؛ ڕاوێژکارانی ئێران لە سوریە لە هەموو ڕێگاکانی ماشینە نەوت هەڵگرەکانی داعش بۆ تورکیە، وێنە و فیلمیان هەڵگرتووە و ئەو بەڵگانەش شیاوی خستنەڕوو و بڵاوکردنەوەن.