کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری علوومی رێژیمی ئێران: خوێندکارانی قۆناغی دوکتورا بە ریزی بێکاران پەیوەست دەبن

19:19 - 10 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: وەزیری علوومی رێژیمی ئێران رایگەیاند کە سەرەڕای رێژەی چەند میلیۆن کەسی دەرچوانی زانکۆکان خوێندکارانی قۆناغی دوکتوراش پەیوەست بە ریزی بێکاران دەبن.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، محەممەد فەرهادی وەزیری علوومی رێژیمی ئێران رایگەیاند کە نێونجی بێکاران لە نێو دەرچوانی زانکۆکان لە نێونجی وڵات زیاترە و ئەوەش بووتەوە هۆی ئەوەیکە بژاردەکان وڵات بەجێهێڵن.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی رێژیم ساڵانە یەک میلیۆن کەس لە ئێراندا لە زانکۆکان دەرسیان تەواو دەکەن بەڵام هیچ دەرفەتێکی کاریان بۆ نەرەخساوە و هەروەها بڵاوی کردەوە کە ئاماری نرخی بێکاری لە نێو دەرچوانی زانکۆکان لە ئێراندا زیاتر لە نێونجی وڵات زیاترە.

لەو پەیوەندییەدا فەرەجی‌دانا وەزیری لەسەر کار لابردراوی علوومی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی رایگەیاندبوو کە ژمارەی زانکۆکان لە ئێراندا زیادی کردووە بەڵام هەنووکە رێژەی بێکاری لە نێو دەرچوانی زانکۆکان دوو قات زیادی کردووە.

هەروەها وەزیری تەعاوون، کار و رفاهی کۆمەڵایەتی هاوکات رایگەیاند کە ٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار دەرچووی زانکۆ لە ساڵەکانی داهاتوودا پەیوەست بە رێژەی بێکاران دەبن و سەبارەت بەو پرسە هۆشداری داوە و ئەو کەسانەی کرێکارانی زانستی ناودێر کردبوو.

وەزیری ئابووری رێژیمیش لەو پەیوەندییەدا پێشتر بڵاوی کردبووە کە بە پەیوەست بوونی دەرچوانی زانکۆ بە ریزی داخوازانی کرێکاران ژمارەی بێکاران لە ئێراندا دەگاتە ٨ میلیۆن کەس.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران لە وەرزی پاییزی ١٣٩٣ی هەتاویدا یەک میلیۆن و ١٠٣ هەزار کەس لە خوازیارانی کار بڕوانامەی کاردانی هەتا دوکتوریان هەبووە و بە هۆی نەبوونی پێکهاتەی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئابوورێکی بەرهەمهێنەر لە ئێراندا هیچ شوغڵێک دەستەبەر نابێت و بە ناچار روو لە کاری دیکە وەکوو شۆفێری و ... دەکەن و هەر بەپێی ئەو ئامارانە لەسەدا ٦٣ی ژنانی خوێندەوار لە ئێراندا بێکارن.

لە پەیوەندییەدا چەند رۆژ لەمەو بەر سەرۆکی مەجلیسی رێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە لە هر دوو کەس کە دەرسیان لە زانکۆکان تەواو دەکەن یەک کەسیان بێکارە و هەنووکە رێژەی بێکاری لە نێو ئەو توێژەدا لەسەدا ٤٢ بەراورد کراوە و ئەوەش لە حالێک دایە بەرپرسانی رێژیم رایانگەیاندووە کە ٤،٥ میلیۆن کەسی دیکە بە ریزی ١،٢ میلیۆنی بێکارانی خوێندەوار زیادتر دەبێت. 
بەرپرسانی رێژیمی ئێران سەرەرای ئەوەیکە بەردەوام دان بە رێژەی بەرچاوی بێکاری دەرچوانی زانکۆکان لە ئێراندا دەنێن بەڵام ئەو کێشەیە ئێستا بووەتە قەیرانێکی مەترسیدار بۆ سەر کۆمەڵگای ئێران و نیسبەت بە بێکاربوونی ٤،٥ میلیۆن کەسی دیکە بە ریزی بێکاران لە کاتی خوێندن پەیوەست دەبەن هۆشداریان داوە.

گادەر. د