کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی ئوروپا پێداگری کردەوە لەسەر بڕیارنامەی پەسەند کراو لەبارەی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران

16:28 - 27 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: پارلمانی ئوروپا وێڕای پێداگری کردنەوە لەسەر بڕیارنامەی پەسەند کراو لە بارەی هەڕەشەی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، داوای کردووە که بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەت به تەواوەتی بەڕێوە بچێت.

پارلمانی ئوروپا له دانیشتنی فەرمی خۆی له ڕێکەوتی ١٣ دێسامبری ٢٠١٧ له ستراسبورگ، بڕیارنامەی پەیوەندیدار به ڕاپۆرتی ساڵانەی بەڕێوەچوونی سیاسەتی هاوبەشی دەرەکی و ئەمنییەتیی یەکیەتیی ئوروپای پەسەند کردووە.

لەو بڕیارنامەیەدا که بەشێکی تایبەت به رێژیمی ئێرانه، جەخت کراوەتە سەر، هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی بەرنامهی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و باس لەوە کراوە که بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، که پێش به ڕێژیمی ئێران دەگرێت بۆ چالاکی مووشەکی، به تەواوەتی بەڕێوە بچێت.

لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە: ڕێژیمی ئێران نابێت به هیچ شێوەیەک چالاکی مووشەکی بالێستیک که هەڵگری کەلوپەلی ئەتۆمی بێت، بەڕێوە ببات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بڕیارنامەیەدا هاتووە که پارلمانی ئوروپا، پشتگیری لە بڕیاری وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا دەکات که به فەرمی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە نێو لیستەی تێرۆر.