کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئێرانییەکان

15:38 - 27 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە دەبێ ڕێز له مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئێرانییەکان بگیردرێت.

ئانتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، له پرێس کۆنفرانسێکدا له نیویورک، باسی لەوە کردووە که مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی، یەکێک له مافە سەرەکییەکانی مرۆڤە و لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێرانیش وتوویەتی: دەبێت ڕێژیمی ئێران ڕێز له خۆپیشاندەران بگرێت.

گوترێش له باسەکەیدا ئاماژەی به کوژراو و بریندارەکان و دەسبەسەرکراوان له ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران کردووە و وتوویەتی: زیاتر له ٢٠ کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون؛ لەو پەیوەندییەشدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و داوای له ڕێژیمی ئێران کردووە که به شێوەی ئاشتییانە، ڕێز له ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرێت.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، زۆرتر له ٥٠ کەس کوژراون کە ٦ کەسیان له نێو زیندانەکانی ڕێژیمدا گیانیان لەدەسداوە؛ هەتا ئێستەش چارەنووسی زۆربەی دەسبەسەرکراوان دیار نییە و ڕەوتی دەسبەسەر کردنەکانیش بەردەوامه.