کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتیی رێژیمی ئێران لە حووسییەکان و بەرز بوونەوەی نیگەرانیی وڵاتانی عەرەبی

15:21 - 19 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند کە وڵاتانی عەرەبی لە دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کارو باری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی زۆر نیگەرانن.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی لە چاو پێکەوتن لەگەڵ جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، سەبارەت بە پەرەسەندنی دزە و بڕشتی ئێران لە یەمەن نیگەرانییان دەربڕیوە.

بەرپرسانی یەمەنی لە سەر ئەو باوەڕدان کە رێژیمی ئێران پشتیوانی ئابووری و نیزامی لە گرووپی حوسییەکان دەکات.

شێعە توندئاژۆکانی یەمەن لە درێژەی رەوتی گەشەی دەسەڵاتداریی چەند مانگی رابردوویاندا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی رێبەندان بە هەڵوەشاندنەوەی پارلەمانی یەمەن، لە دامەزراندنی شۆرای رێبەری بۆ بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتە، هەواڵیان بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، فەرماندەگەلێک لە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە بە دەستەڵات گەیشتنی حووسییەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە.

شۆرای ئەمنییەت باسی لە ئەگەری دانانی گەمارۆی ئابووری بە دژی میلیشیاکانی حووسی دوای رووداوەکانی رابردوو لە بەرنامەی کاریی خۆی کرد.

شەش ئەمیرنشینی بەنداوی فارسیش بۆ بانگهێشتی باڵوێزەکانی خۆی لە یەمەن، بە مەبەستی کۆتایی هێنانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی یەمەن، کۆبوونەوە.

پاش لابردنی عەلی عەبدوڵـڵا ساڵح و بە دەسەڵات گەیشتنی عەبدرەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری نوێی یەمەن، رێژیمی ئێران بە شێوە جۆراوجۆرەکان لە رێگەی گرووپە میلیشیاکان و پشتیوانی لەو گرووپە لە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بووه.

عەبدرەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری یەمەن، لەمەڕ دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا هوشداری بە رێژیمی ئێران داوە.

لەم ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی بەر چاو دەکەوێت. 

ئاویەر.ت