کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی رێژیمی ئێران لە هێزەکانی بەشار ئەسەد

14:39 - 25 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران پاڵپشتی و پشتیوانیی ماددی و مەعنووی لە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد دەکات و هەتا ئێستا چەندین کەس لە هێزەکانی ئەو رێژیمە لە سووریە کوژراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی دژبەری رێژیمی سووریە رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە ناوچە و شارەکانی سووریە وەک دەرعا و قەنتەریە هێزی نیزامی دژی ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد بە کار هێناوە.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە لەزاری دژبەرانی بەشار ئەسەدەوە بڵاوی كردووەتەوە کە ئەو هێزانە بەمەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە ناوچەكانی باشووری دەمیشق شان بە شانی هێزەکانی ریژیمی ئەسەد شەڕ دەکەن.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد سەربازێكی ئێرانییان دەستبەسەر كردووە و هەروەها جیا لەو شەڕكەرە ئێرانییە، دژبەرانی رێژیمی سووریە رایانگەیاندووە لە ئەنجامی شەڕ و تێكهەڵچوونەكان چەندین کەس لە ئەندامانی سەر بە سپای پاسداران و بەسیجی رێژیمی ئێران کوژراون.

لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور” لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی رەوشی تەندروستیی غەوتەی رۆژهەڵات لە دەورووبەری دەمیشق هۆشدارییان داوە.

ئەو ناوچەیە چەند رۆژێكە لەلایەن هێزەكانی رێژیمی بەشار ئەسەدەوە كەوتووەتە بەر هێرشی زەمینی و بۆردومانی ئاسمانیی هێزەكانی بەشار ئەسەد و لە ماوەی ٥ رۆژی رابردودا نزیك بە ٢٠٠كەس لەو ناوچانە كوژراون كە لەسەدا ٨٠یان یان ژن و منداڵن.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامی لە قاڵبی گرووپگەلێ وەک گردان فاطمیون و یان لە ژێر ناوی بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسومە بە مەبەستی بەرگری لە رێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە ئامادە دەبن و لە لای هێزەکانی رێژیمی سووریە دەستییان داوەتە کوشت و بڕی هاووڵاتیی سڤیل و سەرکوت کردنی دژبەرانی رێژیمی سووریە.
بەشداری کردنی بەرچاوی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانی هەمەلایەنەی رێژیمی ئێران لە رێژیمی بەشار ئەسەد و جێبەجێ کردنی چەک وچوڵ و بەشداری کردن لە سەرکوتی دژبەرانی سڤیل و کوشتنی بێ رەحمانە بووەتە هۆی ئەوەی ئوپۆزیسیۆنی سووریە رابگەیەنێت کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و ئیستا سپای پاسداران لە سووریە بە دەسەڵاتداری گەیشتووە.

گادەر. د