کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ نەبوونی مامۆستای قوتابخانە و پۆلی وانەوتنەوە بۆ ساڵی داهاتوو

19:07 - 16 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: نەبوونی مامۆستای قوتابخانە و پۆلەکانی وانەوتنەوە لە شاری پیرانشار بۆ ساڵی داهاتوو نیگەرانیی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنان لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ ساڵی داهاتوو، رێژەی گونجاوی پۆلی وانەوتنەوە و مامۆستایان بۆ قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان نییە و ئەوەش نیگەرانی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا لە پارێزگای ئورمیە، شاری پیرانشار بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن تەنیا بۆ قوتابخانەکانی ناوەندی زیاتر لە ٦٠ مامۆستا و ٥٠ پۆلی وانەوتنەوەی پێویستە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئەمساڵدا هیچ پۆلێکی وانەوتنەوە بێ‌قوتابی نەبووە و پۆلەکان ٣٣ هەتا ٤٠ قوتابییان لەخۆ گرتووە کە ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ مامۆستایان بۆ کاروباری وانەوتنەوە دروست دەکات.

مامۆستایەک لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان رایگەیاند: مامۆستایان قوتابخانە بە هۆی ژمارەی زۆری قوتابیان لە پۆلەکانی وانەوتنەوە، ناتوانن وەک جۆری پێویست وانە بڵێنەوە.

ئەو مامۆستایە، هەروەها لەو پەیوەندییەدا رێژیمی ئێران نایهەوێت کە مامۆستای تازە دابمەزرێنی و لەو پەیوەندییەدا لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئیزافەکار بە مامۆستاکانی دیکەی وانەکان بدات کە ئەوەش لەگەڵ ناڕەزایەتی مامۆستایان بەرەوڕوو بووەتەوە.

مامۆستایانی قوتابخانەکانی پیرانشار رایانگەیاندووە کە ئەوان خۆ لە ئیزافەکاری دەپارێزن، چونکە پارەیەکی باش و پێویستیان پێنادەن و دوای ٦ مانگ ئەو بڕە پارەیەکی کەمیان لە بەرانبەر ئەرکەکانیان پێ دەدەن.

مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەو شارە ئیزافەکاری ساڵی رابردوویان مانگێک لەمەوبەر وەرگرتووە.

شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران، هەنووکە پێویستییان بە چەندین قوتابخانەی نوێ هەیە وبەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئێرانیش بە درێژەدانی سیاسەتی هەڵاواردن بە دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان، هیچ هەنگاوێک بۆچارەسەری ئەو پرسە هەڵناگرن.

 
نەبوونی فەزای ئامووزشی و بە تایبەت نەبوونی قوتابخانە لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی لە گوندەکانی کوردستان یەکێک لەو کێشەیانەیە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابیی بەوهۆیەوە لە خوێندن دوور دەکەونەوە.
بە پێی ئامارەكانی خودی ڕێژیمی ئێران زۆربەی قوتابخانەكانی پارێزگاكانی كوردستانی ئیران پێویستییان بە نوێژەنكردنەوە هەیە. بە پێی ئامارەكان لە پارێزگای ورمێ ٤٧٥٠ قوتابخانە و لە پارێزگای سنە ١٢٦٨ قوتابخانە و لە پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام زۆربەی قوتابخانەكان پێویستیان بە نوێژەنكردنەوە هەیە.

ئەوە لە كاتێكدایە سەرمایە و داهاتی نەوت لە ئێران بۆ بنكە ئەتۆمییەكان و چالاكیی و پاڵپشتیی گرووپە تێرۆریستییەكان لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران تەرخان دەكرێ و لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییدا هاتووە: دەوڵەت ئەركدارە پێداویستییەكانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵك هەتا كۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بكات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرە پێ بدات\'\'.

گادەر. د