کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونە سەری کەلێنی نایەکسانی لە پارێزگاکانی ئێراندا

20:35 - 29 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: داهاتی سەرانەی پارێزگاکانی ئێران بەپێچەوانەی وادە و بەڵێنییەکانی ڕێژیم بە نایەکسانییەوە دابەش دەکرێت و کەلێنێکی گەورە لە باری داهات و فەرهەنگەوە کەوتۆتە نێوان پارێزگاکان.

میکاییل عەزیمی کارناسی ئابووری لە بواری گەشەپێدان، لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە هاوسەنگییە ئابووریی و فەرهەنگییەکان لە نێوان پارێزگاکانی ئێراندا ئەنجام داوە کە ئاکامەکەی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان پارێزگاکانی ئێراندا بوونی هەیە.

یەکێک لە پێوەرە فەرهەنگییەکانی ئەم لێکۆڵینەوە سینماکانە، کە بە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لەمەڕ گەشەکردنی بوارە فیکری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوورییەکان دەژمێردرێ. لە ساڵی ١٣٩٠دا، لە کۆی ٢٦١ ساڵۆنی سینما لە ئێران، ٤٢%یان، واتە ١٠٩سینما وەبەر تاران کەوتووە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان تەنانەت ١ سینماش بوونی نییە.

هەروەها لە کۆی ٩ پارێزگای سمنان، قەزوێن، کرماشان، سنە، چوارمەحاڵ و بەختیاری، هۆرمۆزگان، کۆهگیلویە و بویرئەحمەد و ورمێ، تەنیا 1%ی سینماکانی ئێران بوونیان هەیە... .

لەم لێکۆڵینەوەدا هەروەها هاتووە، سەرانەی ئاسانکاریی بانکی لە پارێزگای تاران ١٨ قات زیاتر لە سیستان و بەلوچستانە، بەچەشنێک کە ٥٨%ی ئاسانکارییە بانکییەکان لە پارێزگای تاران و پاش تارانیش وەبەر پارێزگای ئیسفەهان دەکەوێت کە ئەنجامەکەی بریتییە لە هەژارتر بوونی زیاتری پارێزگایەکی وەک سیستان و بەپێچەوانەشەوە دەوڵەمەندتر بوونی پارێزگا ناوەندییەکان.

پرسی لە پەراوێزخستنی ئەو پارێزگایانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێن، یەکێک لە مێتۆدەکانی بەڕێوەبەریی کەڵانی کۆماری ئیسلامییە کە لە سەر بنەمای دۆکتۆرینی بە هەژاری هێشتنەوەی گەلان داڕێژراوە.