کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونە سەرەوەی رێژەی دەربڕینی نارەزایەتی کرێکاران لە ئێران/ ٥٠٠ شۆفیری ماشینە بارهەڵگرەکانی کارخانەی سیمانی ئورمیە مانیان گرت

15:20 - 18 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شۆفیری ماشینە بارهەڵگرەکانی کارخانەی سیمانی ئورمیە بەهۆی بڵاوکرانەوەی ناداد پەروەرانەی بار لەلایەن کۆمپانیاکانی گەیاندن و گواستنەوە، دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی رەوتی دەربڕینی نارەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە ئێران لە ماوەی رابردوودا، ٥٠٠ کەس لە شۆفیرانی ماشینە بارهەڵگرەکانی سیمانی ئورمیە، دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ٥٠٠ شۆفیری ماشینە بارهەڵگرەکانی کارخانەی سیمانی ئورمیە لە ماوەی رۆژی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەهۆی بڵاوکرانەوەی ناداد پەروەرانەی بار لەلایەن کۆمپانیاکانی گەیاندن و گواستنەوە، دەستیان دایە مانگرتن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ماوەیەک لەمەوبەریش، کرێکارانی پێترۆشیمی مەهاباد، بە هۆی نەدانی حەقدەستی سێ مانگیان لەلایەن خاوەکارەکەیانەوە، بە شێوەی گرووپی دەستیان دایە مانگرتن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بێبەری بوونی کرێکارانی خۆجێی لە ئیمکاناتی بیمە و دەرکردنی کرێکارانی خۆجێی پرۆژە ئاوەدانکەرەوە و پیشەییەکانی کوردستان لەلایەن خاوەنکار و شیرکەت و پەیمانکارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە هەژاری لە رادەبەدەری هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتووەتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە درێژەی رەوتی دەرکردنی کرێکارانی خۆجێیی لە پرۆژە ئاوەدانکەرەوە و پیشەییەکانی کوردستان، رۆژی سێشەممەی حەفتەی رابردوو، رێکەوتی ١٤ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، خاوەنکاری بەنداوی بونێری مەریوان ٨٠ کەس لە کرێکاران و پێرسۆنێلی بەشەکانی تونل و کانگا، وەک کرێکاری سادە، شۆفیر، نگابان و ئاشپەزی لە سەر کار دەرکردووە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کرێکارانی بەنداوی بونێر ماوەی ٥ مانگە کە حەقدەستیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، خاوەنکاری سەدی بونێر، ماوەیەک لەمەوپێش ٧٠ کەس لە کرێکارانی بە شێوەی زۆرە ملی ناردبوو بۆ مەرەخەسی و پاش تەواو بوونی کاتی مەرەخەسی لە سەر کار دەریانی کردووە.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ دەرکردنی کرێکاران و پێرسۆنێلی خۆجێیی لە کوردستان، راپۆرتەکان لە مەهاباد باس لەوە دەکەن کە کارخانەی کشت و سەنعەتی مەهاباد، موجتەمەعی دامداری و سەنعەتی مەهاباد، موجتەمەعی هۆما مۆرغی مەهاباد و ساردخانەی زەمزەمی مەهاباد نەدراوە کە لە چوارچێوەی شیرکەتێکی چوارقۆڵی لەژێر ناوی شیرکەتەکانی چوارقۆڵی سەرمایەگوزات سەوز ژمارەی کرێکارانی خۆی لە ماوەی ٧ ساڵی رابردوودا لە ٦٠٠ کەس کرێکار بۆ ٢٠٠ کەس کرێکار دابەزیوە.
دەوترێت کە لە جۆزەردانی ئەمساڵ هەتا کۆتایی سەرماوەز، نزیک بە ١٤٤ کرێکاری شیرکەتە چوارقۆڵییەکانی مەهاباد لەسەر کارەکانیان دەرکراون و هەتا ئێستا لەگەڵ ئەو کرێکارانە پاکانە نەکراوە.

ئاویەر.ت