کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژكاری نوێنەرایەتیی كۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستبەسەر كرا

17:20 - 5 خاکەلێوه 2716

كوردستان میدیا: ئەحمەد شێخزادە، ڕاوێژكاری دەفتەری نوێنەرایەتیی كۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەكگرتووەكان، سێ حەوتوو لەمەوپێش دەستبەسەر و پاش دانانی بارمتە ئازاد كراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دادستانەكانی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی مارس لە دادگای فدراڵی برۆكلینی نیویۆرك، شێخزادەیان بە پێشێلكردنی گەمارۆكان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار كرد.

ڕۆیتێرز بە گێڕانەوەی وتەكانی ستیڤ زیسۆ، پارێزەری ئەحمەد شێخزادە، ڕایگەیاند ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بە پێشێلكردنی گەمارۆكان، سپیكردنەوەی پارە و سەرپێچی لە دانی باج تۆمەتبار كراوە.

پالما چێن، دادوەرێكی دادگای ناوچەیی ئەمریكا، پاش ئەوەی كە دادستانەكان نیگەرانیی خۆیان لە خۆشاردنەوەی ئەحمەد شێخزادە لە دەفتەری نوێنەرایەتیی ڕێژیمدا یا چوونەدەرەوەی لە خاكی ئەمریكا دەربڕیبوو، بارمتەی سێ میلیۆن دۆلاریی بۆ ئازادكردنی ناوبراو دیاری كردووە.

تالی فەرهادیان، یەكێك لە یاریدەدرانی دادستانیی ئەمریكا بەو دادوەرەی وتووە كە ئەحمەد شێخزادە هاوكاریی لەگەڵ دەوڵەتێكی دوژمندا كردووە.

هاوكات، لە حەوتووی ڕابردوودا ڕەزا زەڕاب، بازرگانی ئێرانی توركیەیی، بە تۆمەتی ناردنی سەدان میلیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدان بە دەورلێدانی گەمارۆكانی ئەمریكا دژ بە ئێران، لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا دەستبەسەر كراوە.

دادستانیی ئەمریكا دەڵێ زەڕاب (٣٣ ساڵە) لەگەڵ دوو كەسی دیكە بە ناوەكانی جەمشیدی (٢٩ ساڵە) و نەجەفزادە (٦٥ ساڵە) لە كاتی گەمارۆكاندا بە كەڵك وەرگرتن لە تۆڕی ماڵی و بازرگانیی خۆیان، یارمەتیی ڕێژیم و كەسایەتییە ئێرانییەكانیان بۆ دەورلێدانی گەمارۆكان داوە.
شایانی باسە، ڕەزا زەڕاب پێشتریش بە تۆمەتێكی هاوشێوە لە توركیە دەستبەسەر و پاش ماوەیەك ئازاد كرابوو.