کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینی کۆلۆنیالی تاران و فەوتانی لەسەرەخۆی داگیرکراوان

00:26 - 1 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

یەکێک لە سیاسەتە باوەکانی داگیرکەران بەدرێژایی مێژوو بریتی بووە لە برسی هێشتنەوە، بێبەشکردن لە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەکان، هەوڵدان بۆ سەرکوت و سەپاندنی سوڵتە و دەسەڵات بەسەر نەتەوە ژێرچەپۆک و داگیرکراوەکان؛ بەو واتایە کە سیستمی کۆلۆنیال یان داگیرکار بە داگیرکردنی خاکی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، وێڕای کەڵکاوەژوووەرگرتن لە سامانە سروشتی و ناسروشتییەکانی ئەو خاکەی کە داگیری کردووە، لە هەوڵی تواندنەوەی سیستماتیکی خاوەنانی ڕاستەقینەی خاکەکەش دەبێ تاکوو ئاسانتر و بێ هیچ کێشە و تەنگەژەیەک ئامانجەکانی خۆی بپێکێ.

لە جوغرافیای ئێرانیشدا کە چەندین نەتەوەی جیاواز ئەم وڵاتەیان پێک هێناوە، دۆخێکی لەو بابەتە بە ئاشکرا دەبیندرێ؛ ئێران لە ماوەی لانیکەم ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەسەڵاتەکانی پاشایەتی و ئاخوندییەوە وەبەر ئەم چەشنە پەلامارە کەوتووە و خەڵکی خاوەن خاک و سامان لە مافەکانی خۆیان بێبەری کراون و ناوەندنشینە چاوبرسییەکانیش بە حەزی خۆیان و ئەو جۆرە کە ویستوویانە خوێنیان هەڵلووشیوە و کوتکی زۆرداری خۆیشیان بەسەر خەڵکەکەیدا شکاندووە.

هەر لە ئاو و هەوا و خاکەکەیەوە بگرە کە بە تاڵان براوە تا دەگاتە هەموو سەرچاوە ژێرزەوینی و بان‌زەوینییەکان کە بە مەبەستی پڕچەککردنی زیاتری ناوەند کەڵکیان لێوەرگیراوە؛ نەوت، گاز، خەڵوز، دار و دارستان، خاک، بەرد و سەرلەبەری ئەوەیکە نرخێکی لە بازاڕە شەرمێونانەکانی تاراندا هەیە وەبەر پەلاماری مەغۆلاسای داگیرکەران کەوتووە و دواجار کراوەتە ئامرازێک بۆ سەرکوت و گوشار لەسەر خاوەنانی ڕاستەقینەیان.

لێرەدا بۆ ڕوونبوونەوەی باشتری ئەم دۆخە دوو نموونە دەهێنینەوە؛ د.عەلی دەباغ، جێگری فەننیی نیزام پزیشکی تاران و ئەندامی شۆرای باڵای ڕێکخراوی نیزام پزیشکی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ڕێژە و شێوازی دابەشکردنی ئیمکاناتی ئینسانی تەندروستی لە ئێران و بە هەڵسەنگاندنێک لە نێوان ڕێژەی پزیشکان لە ئێران و ئامریکا گووتوویەتی: لە ئامریکادا بەشێوەی نێونجی بۆ هەر ١٠ هەزار کەس، ٣٢ تا ٣٣ پزیشک بوونی هەیە؛ ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە ئێراندا جیاوازی نێوان بێبەشترین پارێزگا و خاوەندارترین پارێزگا لە بواری ڕێژەی پزیشک سەرووی ١٠ قاتە!

بەوتەی ناوبراو خاوەندارترین پارێزگا لە ئێران بۆ کاروباری پزیشکی و هەبوونی هێزی مرۆیی لەم کەرتە، تارانە و بیبەشترینیش پارێزگای سیستان و بەلوچستانە کە ئەمە وەک عەلی دەباغ دەڵێ: بەواتای هەڵاواردنی ڕەها لە سیستمی ساغڵەمەنی ئێرانە.

ناوبراو لەم لێدوانەیدا دەڵێ: لەحاڵێکدا ڕێژەی پزیشک لە هەموو ئاستەکانی گشتی و پسپۆڕی، لە بەلوچستان بۆ هەر ١٠ هەزار کەس تەنیا شەش کەسە، لە تاران بۆ هەر ١٠ هەزار کەس ٧٠ پزیشکە کە نەتەنیا بەبەراورد لەگەڵ بەلوچستان بەڵکوو بەبەراورد لەگەڵ ئامریکاش دوو قات زیاترە کە لەوێ ٣٣ پزیشک هەیە بۆ هەر ١٠ هەزار کەس!

ئەم نموونە سادە کە لە زاری بەرپرسێکی حکومەتیشەوە دەدرکێ بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە دیدی ناوەند، بەواتای دەسەڵاتی زاڵ، بەسەر ئێران بەرامبەر بە ئەو هەرێمانەی کە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم جوغرافیای تێدایە چۆنە؟

یان لە نموونەیەکی تردا دەتوانین ئاماژە بە ناوچە عەرەب‌نشینەکانی ئەحواز بکەین کە سەرباری هەبوونی زێڕی ڕەش لە بن پێیان بەڵام لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەرین و تەنانەت کاتێک دێنە سەر شەقام بۆ داواکردنی ئاوی خواردنەوەیەک کە هی خۆیانە و هۆکاری بەردەوامییانە لە ژیان، دەگیرێن، سەرکوت دەکرێن و دەکوژرێن و تۆمەتی ئەوەیان وەپاڵ دەدرێ کە ئەمانە دژی خودا و نوێنەری خودا لەسەر عەرز ڕاساون! نموونەی بەرچاویشی ئێعترازە مەدەنییەکانی ساڵی ڕابردوو لە خوزستانە کە ڕێژیم خۆپیشاندەرانی کردە سیبلی فیشەکی گەرمی چەکەکانی و قەتڵوعامی کردن.

ئیتر باسکردن لە دۆخی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش جێی خۆی هەیە کە هەر لە سەرەتاوە ئەم دۆخە سەختەی بەسەردا سەپێندراوە و جیا لە بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانەکەی، بە تاوانی ئازادیخوازبوونیش دەچەوسێندرێتەوە و خەڵکەکەی ناچار دەکرێ یان ڕوو لە کۆڵبەری بکرێن یان ملی ڕێگا بەرەو شارە گەورەکان بگرنە بەر تاکوو بەشکەم تیکەنانێکی مەمرەوبژی بخنە سەر سفرەی بەتاڵی ماڵ و منداڵیان.

ئەم نمونەگەلە دەرخەری ئەو کەتوارەن بۆمان کە تا ڕوانینی ناوەند بۆ هەرێمی نەتەوەکانی ئێران بەم چەشنە بێت دۆخی ژیان لەو هەرێمانە لەوەیکە هەیە باشتر نابێ؛ نەک باشتر نابێ بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەستەمتریش دەبێت؛ کەواتە تەنیا ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم نەهامەتییانە هەوڵێکی هەمەلایەنە و گشتگیرە لەلایەن نەتەوەکانەوە بۆ هەڵتەکاندنی یەکجارەکی و بنچینەیی ڕێژیمی زاڵ.