کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە چوو

17:02 - 4 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بە شێوەیەکی بەرین و گەرم پێشوازییان لە ساڵی نوێ کرد و بەرەوپیری ساڵی تازە چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شارە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەڕشە و هۆشداریی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز، خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی گەرم و شۆڕشگێڕانەتر بەرەوپیری نەورۆز چوون و ئەو ڕۆژەیان پیرۆز کرد.

لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، بۆکان، سەقز، نۆدشە، مەریوان، نێ، بانە، کامیاران، هەنێمەن، دێوڵان، دزڵێ، سەلاسی باوەجانی، ڕەبەت، تەنگیسەر، نیەر، پاوە، داڵاهۆ، نەغەدە و سەردەشت لاوانی بە هەست و خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی کوردستان بە گوێ نەدان بە هەڕەشە و گوڕەشەی ناوەندە نیزامیی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێوڕەسمی نەورۆز و ئاگری نەورۆزیان بە شێوەی جۆراوجۆر بەرز ڕاگرت.

هەروەها لە زۆربەی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک ڕێوڕەسمی نەورۆزیان بەرز ڕاگرت و بە شایی و هەڵپرکێ بەرەوپیری نەورۆز چوون.

لەو پێوەندییەدا، له شاری سنه لە گوندی قەسریان کە قەرار بوو ڕێوڕەسمێکی تایبەتی نەورۆز بەڕێوە بچێت و لەو پێوەندییەدا سیمین چایچی ، جەلال مەلکشا، عەدنان بەرزەنجی و تۆفیق ئەمانی شاعیران و نووسەرانی کورد بانگهێشتی ئەو ڕێوڕەسمە کرابوون، حفازەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنه ، ئیزنی بەشداریی ئەو کەسانەی لەو ڕێوڕەسمەدا نەدا.

لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە لە شاری بۆكان و بەشێک لە گوندەكانی چومی مەجیدخان، میراوا و جاددەی میاندواو و سەیرانگەی كێوەڕەش بە شایی و گۆڤەند ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

دوای کرانەوەی ئاگری نەورۆز لەو شوێنانەیی بۆکان هێزەكانی ئەماكنی ڕێژیم زیاتر لە ١٥ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر دەکەن.

لە شاری نەغەدەش دوای ئەوەیکە خەڵک خۆ بە ڕێوڕەسمی نەورۆز ئامادە دەکەن له ‌لایه‌ن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ئەو ڕێوڕەسمە دەشوێندرێت.

ئەمسال مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی نەورۆزیدا ڕایگەیاند کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تین و گوڕێکی تایبەت ئاگری نەورۆز بکەنەوە و بەرەوپیری نەورۆز بڕۆن.

هەروەها هیجری لە بەشێکی پەیامەکەیدا ڕوو لە لاوانی ڕۆژهەڵاتی ڕایگەیاند: ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەو پەیامەتان ئاراستە دەکەین و لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێ‏دا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە و بەجێ‏هێشتنی هەرچی سەرشۆڕیی و دواکەوتووییە.

14168.jpg

14169.jpg

14170.jpg

14171.jpg

14167.jpg