کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە هۆی هێرشە سایبێرییەکانیەوە گەمارۆی ئابووریی بەسەردا دەسەپێت

17:06 - 19 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: مەجلیسی سێنای ئامریکا لەبەردایە ڕێژیمی ئێران بە هۆی هێرشە سایبێرییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە سزا بدات و گەمارۆی ئابووریی دژی ئەو ڕێژیمە پەسند بکات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بڵاو کراوەتەوە، سێناتۆر مایک ڕاوندز سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، گەڵاڵەیەکی لەژێر ناوی یاسای گەمارۆی سایبریی ئێران لە مەجلیسی سێنای ئەو وڵاتەدا تاوتوێ دەکات.

لە ئەگەری پەسندکرانی ئەو گەڵاڵەیەدا، ئەو ٧ کەسەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لەدژیان گەمارۆی ئابووری پەسند دەکرێت.

مایک ڕاوندز لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە؛ ڕێژیمی ئێران هێرشی سایبریی دژی ئامریکا ئەنجام داوە و هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ دوژمنانی ئێمە و هەروەها ئێران، دژی ئێمە چالاکی دەکەن و لە کەرەستە پێشکەوتووەکان دژی شیرکەتەکان و دەوڵەتی ئێمە کەڵک وەردەگرن.

لە یەکێک لە بەندەکانییاسای گەمارۆی سایبێریی ڕێژیمی ئێراندا، سەرکۆماری ئامریکا باراک ئۆباما پابەند کراوە کە ناوی ئەو کەسانەی کە هێمایان بۆ کراوە لە ڕاپۆرتی کۆنگرەدا بە لیستی گەمارۆ ئابوورییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە زیاد بکرێن.

ئەو کەسانەی کە گەمارۆی ئابووری لەدژیان پەسند دەکرێت لە دەستپێڕاگەیشتن بە داراییەکانی ئامریکا بێبەش دەکرێن.

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ماوەیەک پێش ئێستا کەیفەر خواستی دژی ئەو ٧ ئێرانییە بە تۆمەتی هەک کردنی نیزیک بە ٥٠ دامەزراوەی ماڵی و بەنداوێکی نیۆیۆرک، دەرکرد.

ئەرتەشی سایبریی ئێران، بەشێک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەژمار دەکرێت کە سەرقاڵی چالاکیی تیرۆریستی لە فەزای سایبریی جیهاندایە و ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، بۆ چاوەدێریی لە ڕێگای هەک و دەست‏پێڕاگەیشتن بە زانیاریی گرینگ لە جیهاندا دامەزراوە.