کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خاکی سووریەش بە تاڵان دەبات

17:22 - 5 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوایین دەستدرێژییەکانی خۆی بۆ سەر خاکی سووریه داوای لە خەڵکی ئێران کردووە کە لە سووریە خاک بکڕن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێژیمی ئێران بازرگانان، مێعماران و کەسانی نزیک لە خۆی هان دەدات کە لە سووریه خاک بکڕن و ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتییانی سووریەی لێکەوتووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، خورشید ئالیکا، ئابووریناسی خەڵکی سووریه ڕایگەیاندووە کە هەنێک لە گەڕەکەکانی سووریە لە دەمێشق بە تەواوی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کڕدراون.

کڕێنی مڵک و ماش لە لایەن بەرپرسان و کەسانی نزیک لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تێچووی سەرسووڕهێنەر بووەتە هۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەی نرخی خانووبەرە لە پێتەختی ئەو وڵاتە کە ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر خەڵکی سووریه.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کڕینی ئەو مڵک و خانووبەرانە بە پشتیوانیی ئاخوندێکی شیعەی سووری بە ناوی عەبدووڵڵا نیزام ئەنجام دەدرێت.

هەروەها ڕێژیمی ئێران بە شیرکەتەکانی ئاوەدانکردنەوەی ڕایگەیاندووە کە لە دەمێشق کار بکەن.

لەو پێوەندییەدا ساڵی ڕابردووش رێژیمی ئێران هەواڵی دروست کردنی چەندین نەخۆشخانەی لە وڵاتی عێراقی پشت‌ڕاست کردەوە و لەو بارەوە ڕایگەیاند کە یەکێک لەو پرۆژانە لە کەربەلا تەحویلی بەرپرسانی عێراقی دراوە.

دروست کردنی نەخۆشخانە و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە لایەن ڕێژیمی ئێران لە ناوچە شیعەنشینەکانی عیراق و ناردنی پزیشک بۆ ئەو ناوچانە لە حاڵێک دایە کە زۆربەی شارەکانی ئێران نەخۆشخانەیان نییە و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان دەچنە شارەکانی دیکە.