کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دوو میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن دۆلار قەرز لە ڕووسیە وەردەگرێت

20:55 - 5 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی بەئەنجام گەیاندنی پرۆژە دەوڵەتییەکانی، دوو میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن دۆلار قەرز لە دەوڵەتی ڕووسیە وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسی ڕێکخراوی سەرمایەدانان و یارمەتییە تکنیکیی و ئابوورییەکانی ئێران، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: ئەم قەرزە سەرفی بەڕێوەچوونی دوو پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر و وزەگای گەرمایی دەبێت.

ناوبراو گوتوویە: دانی ئەم قەرزە مسۆگەرە و دانەوەکەشی پاش تێپەڕینی پشوویەکی ٣ ساڵە بە مەبەستی دەستپێکی پرۆژەکان، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دیاری کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، نرخی بەهرەی ئەم قەرزە، کەمتر لە ٥% دەبێت.

کارناسانی ئابووری لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەپێی ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە و قەرزە زەبەلاح و زۆر و زەوەندەکانی ئەم ڕێژیمە بە ڕووسیە، لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا، وڵاتی ئێران دەبێتە کۆڵۆنییەکی وڵاتی ڕووسیە.