کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە تەقینەوەی تێرۆریستیی ئەلخۆبەردا هاوکاریی کردووە

16:48 - 7 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: دوو بەرپرسی ڕێکخراوی سیا (CIA)ی ئامریکا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران و گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیده لە تەقینەوەی ئەلخۆبەر و ڕیازدا دەستیان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوو بەرپرسی سیای ئامریکا لە دادگای فێدڕاڵی نیۆیۆرک‌دا ئاشکرایان کرد کە ڕێژیمی ئێران و گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیده لە چاندنی بۆمب‌ و تەقینەوەی ئەلخۆبەری عەرەبستانی سعوودی‌دا دەستیان هەبووە.

هاوکاریی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەلقاعیده لە لایەن ڕێبەری ڕێژیم عەلی خامنەییەوە پەسند کراوە.

هەروەها پێشتریش ٩ بەڵگە لە ئامریکا ئاشکرا کرابوو کە ڕێژیمی ئێران لە ڕووداوی ١١ی سێپتامبردا دەستی هەبووە.

لەو پێوەندییەدا، مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردووش هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی عەرەبستان، تیرۆریستێکی نێودەوڵەتییان کە ماوەی چەندین ساڵ لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە داڵدە درابوو، دەستبەسەر کرد.

ئەحمەد ئیبراهیم ئەلمەغسەل، خەڵکی وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و فەرماندەی گوردانی حیزبوڵڵای حیجاز کە بە یەکێک لە تێرۆریستە نێودەوڵەتییەکان دەهاتە ئەژمار، لە وڵاتی لوبنان دەستبەرسەر کرا.

ئەحمەد ئەلمەغسەل، یەکێک لەپلانداڕێژەرانی تەقینەوەی ئەلخۆبەر لەساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی (٢٥ی ژوئەنی ساڵی ١٩٩٦ی زایینی) بوو کە پاش ١٩ ساڵ دەستبەسەر کرا.

لەو تەقینەوەدا ١٩ سەربازی ئامریکایی کوژران و ٣٧٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەحمد ئەلمەغسەل فەرماندەی گوردانی ناسراو بە حیزبوڵڵای حیجاز دوای ئەو تەقینەوەیە بەرەو وڵاتی ئێران ڕایکرد و پاش چەند ساڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ناوی ئەو تێرۆریستەیان لە ڕیزی مردووەکاندا بڵاو کردەوە.

هەر ئەو کات، ساڵی ١٣٧٥، دەوڵەتی ئامریکا سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی بە دەست تێدابوون لە تەقاندنەوەی بینای ئەلخۆبەر تاوانبار کردبوو.