کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی هاتنە دەرەوە لە بەرجام دەکات

16:13 - 4 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، لە ئەگەری هاتنە دەرەوەی وڵاتەکەی لە بەرجام، کۆمەڵگای جیهانی نائەمن دەبێت.

عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دامەزراوەی چێتم هاوس باسی لەوە کردووە کە ئەگەر بەرجام هەر بەم شێوەیە بڕواتە پێشەوە و گەمارۆکان لەسەر ئێران لانەچێت، وڵاتەکەی لە بەرجام دێتە دەرەوە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە کۆمەڵگای جیهانی تووشی قەیرانی ناوکی دەبێت.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە، تەنانەت ئەگەر کاتی دیاریکراوی ترامپ بۆ بڕیاردان لەسەر بەرجام تێپەڕ بێت و هەڵپەساردنی گەمارۆکان لەسەر وڵاتەکەی دووبارە نەکرێت و بانکەکان هاوکاری ئێران نەکەن، مانەوە لە بەرجام بۆ وڵاتەکەی هیچ بەرژەوەندییەکی نابێت و وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەکە دێتە دەرەوە.

عێراقچی، ئاماژەی بە وتەکان و کردەوەکانی ترامپ کردووە و وتویەتی کە ئەو کارانەی ترامپ، وەکوو ژارێکە بۆ کۆمەڵگای بازرگانی لەسەر هاوکاری کردن لەگەڵ ئێران و کەش و هەوای بازرگانی لەگەڵ ئێرانی نائەمن کردووە.