کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوشی ژیان لە عەفرین بە هۆی گەمارۆی سەر ئەو شارە، دژوار بووە

21:35 - 23 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان گەمارۆ دراوە و خەڵكی ئەو ناوچەیە لە دۆخێكی زۆر مەترسیداردا ژیان بە سەر دەبەن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە گەمارۆی جبهة النصرە و احرار شام دایە و بەو هۆیەوە خەڵك ناتوانن پێویستییەكانی ڕۆژانەی خۆیان بەدەست بێنن.

بەپیێ زانیارییەكان، لەو هەرێمەدا نرخی هەموو شتێك چەند قات گرانتر بووە و نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ ١٠٠ دۆلار بەرز بووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە مووچەی فەرمانبەرانی ئەو ناوچەیە ٤٠ تا ٥٠ دۆلارە.

لە سەر دۆخی شاری عەفرین، سكرتێری حیزبی الوحدە محیەدین شێخ‏ئالی لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی كۆمیسیونی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئالمان كریستۆف ستیراسار، نووسیویەتی: ناوچەی عەفرین لە دۆخێكی مەترسیداردایە و لە ئاكامی ئەو گەمارۆیەدا خەڵكی عەفرین ناتوانن پێویستییەكانی ژیانیان وەك دەرمان و شیری منداڵان و... بەدەست بێنن.

ناوبراو هەروەها داوای لە ‏ سەرۆكی كۆمیسیونی مافی مرۆڤ كردووە كە توركیە ڕازی بكات بە كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی بۆ ئەوەی خەڵكی عەفرین، لەو دۆخە مەترسیدارە ڕزگاریان بێ.

بە هۆی ئەو زەخت و گوشارە زۆرەی كە لە لایەن جبهة النصرە و احرار شامەوە لە سەر عەفرین هەیە، مەترسیی ئەوە هەیە كە ئەو ناوچەیەی ڕۆژئاوای كوردستانیش وەك شنگال و كوبانێ بەرەوڕووی وێرانی و كۆمەڵكوژی ببێتەوە.