کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژەنەراڵ ئەحمەد ئەلعەسیری: هاوپەیمانیی عەرەبی ـ ئیسلامی، تیرۆریزم بنبڕ دەكات

17:17 - 9 خاکەلێوه 2716

كوردستان میدیا: ژەنەراڵ ئەحمەد ئەلعەسیری، ڕاوێژكاری وەزیری بەرگریی سعوودی ڕایگەیاند هاوپەیمانیی عەرەبی ـ ئیسلامی هەوڵ دەدات تیرۆریزم و سەرچاوە داراییەكانی بنبڕ بكات.

بەپێی هەواڵی ئەلعەرەبییە، ناوبراو كە لە پەراوێزی كۆنفرانسی هاوپەیمانیی ئیسلامیدا لە شاری ڕیاز، پێتەختی عەرەبستانی سعوودی قسەی دەكرد، ڕایگەیاند كە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی لە چوارچێوەی پەیماننامە نێونەتەوەییەكاندا دژ بە تیرۆریزم بە گشتی و نەك تەنیا دژ بە داعش، خەبات دەكەن.

عەسیری هەروەها وتی كە ئەم دانیشتنە سەرەتایەك بۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ئیسلامی دەبێت و ئەو وڵاتانە ستراتژیی خەبات دژ بە تیرۆریزمیان لە چوار تەوەردا داڕشتووە.

فەرماندە سوپاكانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی سەربازیی ئیسلامی لە دوێنێ یەكشەممە، ٢٧ی مارسی ٢٠١٥ی زایینییەوە یەكەمین دانیشتنی خۆیان بە مەبەستی هاوئاهەنگكردنی هەوڵەكانیان، دیاریكردنی بنەماكان و تاوتوێكردنی ڕێوشوێنەكانی بەڕێوەبردنی ستراتژییە سەربازی، هزری، دارایی و تەبلیغاتییەكان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، لە شاری ڕیاز پێتەختی سعوودی دەست پێكردووە.

هاوپەیمانیی عەرەبی ئیسلامی دژ بە تیرۆریزم، ناوی هاوپەیمانییەكە كە بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستانی سعوودی دامەزراوە و یەكێك لە ئامانجەكانی سەرەڕای خەبات دژ بە ڕێكخراوەكانی هاوشێوەی داعش و ئەلقاعیدە، بەربەرەكانی لەگەڵ تیرۆریزم و دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانانی لە ناوچەدایە.

ئەو هاوپەیمانییە كاری خۆی بە دامەزراندنی ناوەندی هاوپەیمانیی سەربازیی ئیسلامی لە ڕیاز بە مەبەستی پەرەپێدانی شێوازەكانی خەبات دژ بە تیرۆریزم لە وڵاتانی ئیسلامیدا و هاوئاهەنگكردنی هەوڵە هاوبەشەكانی وڵاتانی ئەندام بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و هەر چەشنە هەڕەشەیەك دژ بە تەناهی و ئاسایشی وڵاتانی ئیسلامی دەست پێكرد.

یەكەمین دەسكەوتی هاوپەیمانیی سەربازیی ئیسلامی، بەڕێوەبردنی گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە ناوچەدا لە ژێر ناوی رعد الشمال لە شاری سەربازیی مەلیك خالید بوو كە لە ٢٧ی فیورییە تا ١٠ی مارسی ئەمساڵ بەڕێوە چوو. لەو مانۆڕە سەربازییەدا ٢٠ وڵات بەشدار بوون.