کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی بەنداوی داریان دەستیان دایەن مانگرتن

14:30 - 20 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە کرێکارانی بەنداوی داریانی شاری پاوە سەبارەت بە وەدواکەوتن و نەدانی پارەی ٤ مانگی مووچەکانیان دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کرێکارانی شیرکەتی سانای بەنداوی داریان لە شارستانی پاوە سەر بە پاریزگای کرماشان بە هۆی نەدانی پارەی ٤ مانگی مووچەکانیان لەلایەن ئەوە شیرکەتە ماوەی ٥ رۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن و بۆ چوون بۆ سەر کارەکانیان خۆ دەبوێرن.

ئەو کریکارانە رایانگەیاندووە بە ئەژمارکردنی سەنەوات و جێژنانە سەرجەم ماوەی ٦ مانگە مووچەیان لەو شیرکەتە وەرنەگرتووە و هەتا وەرنەگرتنی مووچەکانیان دست لە مانگرتن هەڵناگرن.

شیرکەتی سانا بە بیانووی پرۆژەی نوێ و کڕینی ماشێن و کەرەستەی پێویست مووچەی کرێکارانی نەداوە و زۆربەی ئەو کرێکارانە کورد و خێزاندار و لە توێژی کەم داهاتی ئەو ناوچەیەنە کە بە هۆی نەدانی مووچەکانیان تووشی کێشەی ژیان بوونەتەوە.

پێشتریش چەندین جار کرێکارانی بەنداوی داریان سەبارەت بە نەدانی مووچەکانیان مانیان گرتبوو.

شیرکەتی سانا پرۆژەی درووستکردنی بنکەی بەرق لە بەنداوی داریانی لە ئەستۆ گرتووە و ساڵی رابردووش بە هۆی مانگرتنی کرێکارانی ئەو شیرکەتە ١٢ کرێکاری لەسەر کارەکانیان درکردبوو.

پرۆژەی بەنداوی داریان لەلایەن چالاکانی ژینگە رەخنەی توندی لێگیراوە و نیسبەت بە مەترسییەکانی ئاوگیری ئەو بەنداوە هۆشداریان داوە.

لە ئەگەری ئاوگیری بەنداوی دارایان لەسەدا ٤٤ی سەرچاوە سروشتییەکانی پشت ئەو بەنداوە و چەندین گوندی مێژوویی ــ ئایینی و گەشتیاری وەکوو هەجیج لە ناوە دەچێت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمەوە کارکردنی لە کوردستان لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوە و بە دەیان پرۆژەی لەبەر دەست دایە کە ژینگەی کوردستان لە ناو دەبات کە ئەوەش ناڕەزایەتی و هەڵوێستی چالاکانی ژینگەپارێزی لێکەوتووەتەوە.

گادەر. د