کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی پێترۆشیمیی مەهاباد دەستیان دایە مانگرتن

15:00 - 13 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: کرێکارانی پێترۆشیمیی مەهاباد بە هۆی پێنەدرانی مووچەی ٣ مانگیان، دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کرێکاران و فەرمانبەرانی پێترۆشیمی مەهاباد، حەقدەستی ٣ مانگیان وەرنەگرتووە.

ئەو کرێکارانە دوای پێنەدرانی مووچەی ٣ مانگەیان لەلایەن بەرپرسانی پێترۆشیمیی، دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای ئەوەیکە کرێکارانی کارخانەی پێترۆشیمی مەهاباد، ماوەی ٧ رۆژە بە هۆی پێنەدانی مووچەکەیانەوە مانیان گرتووە، هەتا ئێستاش لەلایەن بەرپرسی ئەو شیرکەتەوە هیچ وڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، کرێکارانی پێترۆشیمی مەهاباد جگە وەدواکەوتنی مووچەکانیان، کارئاسانییان لە باری بیمەوە بۆ نەکراوە و ئەمو لە حاڵێکدایە کە هەمووشیان خێزاندارن و جگە لە کارکردن لەو شیرکەتە، هیچ کار و داهاتێکی دیکەیان نییە.

بە گشتی ٧٠٠ کرێکار لەو کارخانەیەدا سەرقاڵی کارن کە تەنیا ٤٠ کەسیان لە هاووڵاتییانی کورد پێکهاتووە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بێبەری کردن لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی وەکوو بیمەی دەرمانی بۆ کرێکارانی خۆجێیی و دەرکرانی ئەوان لە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە و پیشەیی کوردستان لەلایەن خاوەنکاران و ئەو شیرکەتە پەیمانکارانەی کە سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانن، بووەتە هۆی زۆر بوونی رێژەی بەرچاوی بێکاری و هەژاری لە کوردستان.

ئێستا نرخی بێکاری لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران لە نێونجی ئێران زۆرترە و ئەم پارێزگایانە لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران بە ئەژمار دێن.

ئاویەر.ت