کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ڕۆژهەڵات دیسان بوو بە قوربانیی کەم‌تەرخەمی و بێ‌ئیمکاناتیی ڕێژیمی ئێران

20:21 - 13 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: بارینی بەفری زۆر و سەرما و سۆڵە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و بەو هۆیە چەندین شار و گوندی کوردستان تووشی قەیران بوونە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بە هۆی بارینی بەفری زۆر لە شارەکانی کوردستان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین شار و گوندی کوردستان لەبەر نەبوونی ئیمکانات و کەم‌تەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، تووشی قەیران بوونە و ناتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

لەو پێوەندییەدا، شاری پیرانشار بە هۆی بەفر بارین و سەرماری ١٥ پلە ژێر سفر، تووشی قەیران بووە و ئێستا هاووڵاتییانی ئەو شارە توانای دابین‌کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نیە.

هەروەها کارەبای ئەو شارە دوای بارینی بەفر لە ڕۆژی هەینیەوە پچڕاوە و تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەو شارە بێ‌کارەبایە و نانەواییەکانی ئەو شارە کەڵک لە مۆتوڕی کارەبا وەردەگرن و ١٤٣ گوندی ئەو شارەش کارەبایان نیە.

لەو پێوەندییەدا قوتابخانەکانی ئەو شارە و زۆربەی قوتابخانەی شارەکانی کوردستان بە هۆی بارینی بەفر و سەرمای زۆرەوە داخراون.

دوای پچڕانی کارەبا و گیرانی ڕێگاوبانەکانی پیرانشار و گوندەکانی ئەو شارە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە چوونەتە یارمەتی‌دانی هاووڵاتییانی ئەو شارە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێكی چارەسازیان بۆ نەدراوە.

ساڵی ١٣٩١ی هەتاویش پیرانشار بە هۆی بارینی بەفر و سەرمای زۆر توند تووشی قەیران بوو، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە ئەو قەیرانە وەک خۆی مایەوە و چارەسەر نەکرا.
شاری پیرانشار هەموو ساڵێک لە وەرزی زستاندا تووشی قەیران دەبێت، بەڵام بەرسانی پێوەندیداری ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە نادەنەوە و ئەوش ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی لێ‌کەوتووەتەوە و خەڵک دوایان کردووە کە ئەگەر توانای بەڕێوەبەریی ئەو شارەیان نییە، بەرپرسانی ئێدارەکان دەست لە کار بکێشنەوە.

لەو پێوەندییەدا، لە شاری سەقز ڕێگای پێوەندیی لەسەدا ٧٠ی گوندەکانی سەقز بەسراوە و کارەبای لەسەدا ٤٠ی گوندەکان پچڕاوە.

بارینی بەفر لە ڕۆژی هەینی‌دا بووە هۆی ئەوەیکە ڕێگای پێوەندی نێوان شار و گوندەکانی ئەو شارە ببەسترێت و قوتابخانەکانی ئەو شارە دابخرێن.