کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ئێران/ زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە

14:50 - 1 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی رووداوی کار لە کوردستان مانگانە زیاتر لە ١١ کرێکاری کورد گیانیان لە دەست دەدەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئامارەکانی پزشکی یاسایی، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە سێ پارێزگای کوردنشینی کرماشان، ئورمیە و کوردستان زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئامارەکان، لە دەستپێکی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز لە پارێزگای کرماشان ٦٠ کەس بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

ئامارەکانی پزێشکی یاسایی باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای کوردستان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٢ کەس کە هەموو پیاو بوون بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، رووداوی کار لە پارێزگای ئورمیە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، گیانی ٣٢ کرێکاری گرتووە.

پێشتر وتراوە کە رووداوی کار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە ئێران، گیانی یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکاری گرتووە.

ئاماری پزیشکی یاسایی دەرخەری ئەوەیە کە لەو یەک هەزار و ٥٠٦ کەسەی کە بە هۆی رووداوی کارەوە لەو ماوەیەدا گیانیان لە دەست داوە، یەک هەزار و ٤٩٤ کەس پیاو و ١٢ کەسیش ژن بوون.

هەروەها، بۆهۆی رووداوی کارەوە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٢ هەزار و ٩٤٩ کرێکار بریندار بوون.

رەوتی بەرز بوونەوەی رێژەی گیان لە دەست دان بەهۆی رووداوی کارەوە لە ساڵەکانی رابردوودا و هەڵکشانی ئەم ئامارانە لە ٦٩٧مردوو لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی بۆ یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەرخەری بارودۆخی نالەبار و نەبوونی ئەمنییەتی کارگەکان و کارخانەکان و جێبەجێ نەکردنی ئەمنییەتی پێویست لەلایەن کارفەرمایانەوەیە.
ئاویەر.ت