کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی دیکە بە هۆی تەقینەوەی مین

19:32 - 14 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دوو چێوداری کوردی خەڵکی کرماشان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕ، کوژران و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تەقینەوەی مین لە ناوچەی چزابە سەر بە پارێزگای خوزستان گیانی هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٢ ساڵەی کوردی بە نێوی فەرامەرز ئەسەدی فەری ئەستاند.

لەو رووداوەدا هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە نێوی ئەمین میر شاکر تەمەن ٢٠ ساڵ بە توندی بریندار بوو.

ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی کرماشان لە چێودارانی خێڵی زەنگەنە بوون و لە کاتی چێوداری لە ناوچەی چەزابە، لە پەشتەوەی پاسگای دویرەج سەر بە پارێزگای خوزستان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، تووشی ئەو رووداوە بوون.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی باغان سەر بە بەخشی سەرشیوی مەریوان کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی گیای مازوو کە جۆرێک گیای دەرمانییە، لە دەرووبەری پایگای چۆڵکراوی سپای پاسداران تووشی تەقینەوەی مین بوون.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە قەباڵ شەریفی تەمەن ٤٠ ساڵ و ئیبراهیم تام تەمەن ٢٥ ساڵ راگەیەندراوە کە بە هۆی تەقینەوەی مین تووشی لێقەومان بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستدایە، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران ١٦ میلیۆن مینی چێندراوی لێ ماوەتەوە و بە هۆی روانگەی ئەمنییەتی و سنووری، زیاترین مینە چێندراوەکان لە ئێران لە پێنج پارێزگای سنووری خوزستان، ئیلام، کرماشان، سـنە و ئورمیە دایە.
رێکخراوی یونیسێف وڵاتی عێراق و سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێرانی وەک پڕمینترین ناوچەی جیهان وەسف کردوە.

ئاویەر. ت