کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە تکریت

17:10 - 10 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە تێکهەڵچوونەکانی تکریت لە عێراق بە هۆی هێرشی پەهپادی هێزە ئامریکاییەکان کوژران.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، دوو ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی عەلی یەزادنی و هادی جەعفەری لە تێکهەڵچوونەکانی تکریت بە هۆی هێرشی پەهپادی هێزە ئامریکاییەکان کوژران.

ئەم ئەندامانەی سپای پاسداران لە چوارچێوەی گرووپە نیزامیەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی و لە ژێر ناوی موستەشارانی سپای پاسداران لە عێراق رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کوژراون.

لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسداران ناسراو بە لقی قودس لەگەڵ حیزبووڵڵای لوبنان لە عێراق و سووریە، سەرقاڵی چالاکیی نیزامین و رۆژانە چەندین کەس لەم هێزانە دەکوژرێن.

بە دوای دەستپێکی عەمەلیاتی گرتنەوەی شاری تکریت شوێنی لە دایک‌بوونی سەدام حوسێن، سەرکۆماری پیشووی رێژیمی عێراق، هێزەکانی عێراق لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە بەرەیەکی شەڕ، دژی گرووپی ئیسلامیی داعش شەڕ دەکەن.

هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران کە لە چوارچێوەی گرووپەکانی گوردانی فاطمیون و پارێزەرانی حەرەمی زێنەب لە عێراق و سووریە شەڕ دەکەن، کوژراون.

وڵاتانی عەرەبی، یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا نیگەرانی خۆیان نیسبەت بە دەستێوەردانی نیزامیی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە دەربڕیوە و خوازیاری ئەوەن کە رێژیمی ئێران لە دەستێوەردانی کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتانە هەڵبگرێت.

کارناسانی نیزامی لەو باوەڕەدان کە چالاکی و دەستێوەردانی نیزامیی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە سالی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، هەتا ئێستا رێژیمی ئێران ٩ هەتا ١٥ میلیارد دولار پارەی خەرج کردووە.

گادەر.د