کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٨ کەسی نیزامیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لەلایەن جەیشولعەدل

21:47 - 18 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوی جەیشولعەدل لە سنوورەکانی سیستان‌وبەلووچستان لە بۆسەیەکدا، ٨ کەسی لە هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران کوشت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بەپشت‌بەستن بە راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن وێبلاگە فەرمییەکانی رێکخرای جەیشولعەدل، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە نگور سەر بە شاری چابەهاری پارێزگای سیستان‌وبەلووچستان، ماشێنێکی هێزەکانی سەربە سپای پاسداران لەلایەن هێزەکانی رێکخراوی جەیش‌ولعەدل بە چەکی ئار،پی.جی هێرشی کراوەتە سەر و هەروەها لەو هێرشەدا ماتۆرسیکلێتێکی هێزەکانی رێژیم لەناوچووە.

رێکخراوی جەیشولعەدل بەرپرسیارەتی کوژرانی ئەو ٨ کەسەی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی وەئەستۆ گرتووە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەو ئۆپراسیۆنـەدا، ٨ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران، ٤ کادر و ٤ سەرباز کوژراون.

ئەو کردەوەی رێکخراوی جەیشولعەدل کاتێک رووی داوە کە سپای پاسداران رایگەیاندبوو کە هێزەکانی سپای پاسدران ٣ کەسی چەکداریان لە ناوچە سنوورییەکانی سیستان‌وبەلووچستان کوشتووە.

دوای بەڕێوەبردنی ئەو هێرشە و رەنگدانەوەی بەرینی ئەو هەواڵە لە راگەیاندەکان، رێکخراوی جەیشولعەدل کە لە گرووپە سووننە مەزهەبەکانە و دژی رێژیمی ئێران خەباتی چەکداری دەکات، بەرپرسیارەتی ئەو ئۆپراسیۆنەیان وەئەستۆ گرت.

لەو پەیوەندییەدا، رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، پێنج کەس لە هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران لەلایەن جەیشولعەدل لە ناوچەی سنووری جەکیگووری پارێزگای سیستان‌وبەلووچستان بە دیل گیران.

دوای بە دیل‌گیرانی ئەو هێزانەی سپای پاسداران، چوار کەسی نیزامیی هێزەکانی سپای پاسداران بە نێوبژیوانی رێبەرانی سووننە مەزهەب لە سیستان‌وبەلووچستان ئازاد کران، بەڵام یەکێک لەو دیلانە کوژرا.

رێکخراوی جەیشولعەدل دەڵێت: بۆ بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی بەلووچ دژی رێژیمی ئێران خەباتی جەکداری دەکات.

ئاویەر. ت