کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هێزە میانەڕەوکانی سووریە، کۆماری ئیسلامیی تووڕە کرد

16:43 - 19 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی، دژایەتی خۆی بۆ کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لە عەرەبستان دەربڕی.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، دانیشتنی ڕێکخراو و گرووپە سیاسی ــ نیزامییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئەسەد، بە بیانووی ئەوەی کە ئامانجەکەی لەسەرکارلادانی ڕێژیمی ئێستای سووریەیە، دژایەتی ئێرانی بەدواوە بووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە لە شاری ڕیاز دەستی پێکردووە، زیاتر لە ١٠٠ حیزب و ڕێکخستنی نیزامی، تێیدا بەشدارن تاکوو لەسەر ڕێکارەکانی بەردەم هەلومەرجی دواڕۆژی سووریە ئاڵوگوڕی بیروڕا بکەن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز نووسیویەتی کە ئێران بەو دانیشتنەی پایتەختی عەرەبستان دڵخۆش نییە و ئەو کۆبوونەوە بە هەوڵی تێکدەرانە لە چوارچێوەی ڕێکاری ئاشتی، بۆ قەیرانی ئێستای سووریە لەقەڵەم داوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیە پاڵپشتی سەرەکیی مانەوەی بەشار ئەسەدن و بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش بەئاشکرا مانەوەی سەرۆکی ئێستای سووریە، بەبێ‏گوێدانە خەسارەتە گیانی و ماددیەکانی شەڕی ٥ ساڵی رابڕدوو، سیاسەتی فەرمییان بووە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە وتووێژێک لەگەڵ شەبەکەی ڕووسیە ٢٤ کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی سەرماوەز بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئامریکا، پێچەوانەی یاسا جیهانییەکانە.

لاوڕۆڤ بە توانجەوە دەڵێت؛ ئەو جۆرە بەرەیە، لەمپەڕی سەر ڕێگای شەڕ دەگەڵ تیرۆڕیزمە.

عەرەبستان و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی سووریە تۆمەتبار دەکەن و ڕۆڵگێڕانی ئێران بە تێکدەرانە پێناسە دەکەن.

ئەو دانیشتنەی ڕیاز لەبەرەبەری کۆبوونەوەی نوێنەرانی سیاسی ١٧ وڵاتی جیهان لە شاری نیۆیۆرکدایە، کە ئامانج لێی وەلانانی بەشار ئەسەدە.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، لە ٥ ساڵی رابڕدوودا کە شۆڕشی خەڵکی سووریە دەستی پێکردووە، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.