کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هێرشی ئاسایش بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی مەحکووم کرد

13:11 - 16 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هێرشی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی کۆیە بۆ سەر کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە مەحکووم کرد.


بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئەوەیکە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزێکی ئاسایشی بە دوور لە هەرچەشنە پرەنسیپێكی یاسایی ‌و مەدەنی هێزێكی هاوبەشی ئاسایش ‌و پۆلیسی كۆیە هێرشیان کردە سەر كەمپی ئازادیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە ‌و بێ‌ریزییەكی زۆریان بە ژن‌و منداڵ ‌و كادر‌و پێشمەرگەكانی حیزب کرد؛ زۆربەی لایەن و حیزبە سیاسییەکان ئەو کارە نەشیاوەیان مەحکووم کرد و داوایان کرد کە بە زووترین کات لە رێگای یاساییەوە بەدواداچوونی ئەو رووداوە بکرێت.

لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەو هێرشەی هێزەکانی ئاسایشی مەحکووم کردووە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە هێرشی هیزی ئاسایش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات نادروست و دور لە حورمەتی سیاسی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتە، جەختی کردووەتەوە: ئێمە وێڕای دەربڕینی نارەزایی خۆمان لەم کردارەی بەرپرسانی کۆیە، لامانوایە پێویستە حکومەتی هەرێم و کاربەدەستانی کۆیە، نەهێڵن روداوی لەم چەشنە دووپات بکرێتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنە:

دوو رۆژ لەوە پێش هێزێکی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری دادگای کۆیە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، هێرشیان بردە سەر بنکەیەکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە. ئێمە ئەم بڕیاڕەی دادوەری کۆیە بە نادروست و دور لە حورمەتی سیاسی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات دەزانین.

هیچ خەتایەکی تاکە کەس یان بنەماڵەیەکی حیزبی دێمۆکرات و تەنانەت درەنگ ئیقدامکردنی ئەو حیزبەش بۆ چارەسەری کێشەکە، ناتوانێ پاساوی وەها کردەوە و هەڵسوکەوتێک بێ. بۆیە ئێمە وێڕای دەربڕینی نارەزایی خۆمان لەم کردارەی بەرپرسانی کۆیە، لامانوایە پێویستە حکومەتی هەرێم و کاربەدەستانی کۆیە، نەهێڵن روداوی لەم چەشنە دووپات بکرێتەوە. لازمە پێوەندی  لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و کێشەکانیان بە هەستیاری زۆرەوەو، وەک کەیسێکی سیاسی  هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ و حورمەت و کەرامەتی خەباتکارانەیان بپارێزرێ. بۆیە داوای جیددی ئێمە ئەوەیە کە هەر بەم پێوەرەش رەفتار بکرێ، هەروەها پێمانوایە نابێ ئەم کێشەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزیی نێوان بزوتنەوەی کورد لە باشور و رۆژهەڵات و نابێ دوژمنانی ئەم بزوتنەوەیە کەڵکی لێوەربگرن.

پێوەندیەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوردستان
١٤ رەشەمەی ١٣٩٣ یان ٥ مارسی ٢٠١٥ زایینی


پێشتریش زۆربە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هێرشی هێزەکانی ئاسایشان بۆ سەر کەمپی ئازادی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەحکووم کردبوو.

پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان سێ لایەنی سیاسی کورد بوون کە پاش ئەو رووداوه بە شێوەی فەرمی راگەیەندراویان بڵاو کردەوە.

پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان لە راگەیەندراوەی ئەو حیزبەدا دەڵێ: ئێدانەی ئەو کارە دەکەین و  داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی باشووری کوردستان دەکەین کە بەزۆترین کات لێکۆڵێنەوە لەسەر ئەو رووداوەبکەن، تاوانبارەکانیش رادەستی دادگا بکرێن،  هەتاوەکو دوژمنانی گەلەکەمان ئەم ڕووداوە بۆ مەبەستی خۆیان نەگوازنەوە.

هەروەها پارتی ئازادیی کوردستان ئەم کردەوەیە بە توندی مەحکووم دەکات و رایدەگەینن: لە هەستی بریندار کراوی خوشک و برایانی پەلامار دراوی دەگات و لەگەڵیان دایە، هاوکات داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی ئیداری و سیاسی شاری کۆیە دەکات بە دواداچوونی جیدی بۆ ئەم دەسدرێژییە بکەن و رێ لە دووبارە بوونەوەی بگرن و قەرەبووی مەعنەوەی بۆ بکەنەوە.

گادەر. د