کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی تیرۆریستی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە بەحرەین دەستبەسەر کرا

22:03 - 16 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: وەزارەتی ناوخۆی وڵاتی بەحرەین ڕایگەیاند کە گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە بەیانییەیەکدا بڵاویان کردەوە کە گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لەو وڵاتە دەستبەسەر کردووە.

لەو بەیانییەدا هاتووە کە ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە هەوڵی بەڕێوەبردنی زنجیرە تەقینەوەیەکی تیرۆریستی و بەرنامەداڕشتنی تیرۆردا بوونە.

بەپێی ئەو بەیانییەی وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی بەحرەین حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لە مۆرەکانی دەست پەروەردەی ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ دوو کەس لەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون دیداری کردووە.

قروب ئەلبەستە ناوی ئەو گرووپە تیرۆریستیەیە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی بەحرەینەوە دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانیی سپای پاسداران لەو گرووپە تیرۆریستیانە، نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەی لێ‏کەوتووەتەوە و تا ئێستا چەندین جار هۆشداریان داوەتە ڕێژیمی ئێران کە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەدا نەکات.

هێزی قودس، لقی دەروەی سنووری سپای پاسدارانی ئێران، لە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق و سووریه شەڕ دەکات و تا ئێستا چەندین ئەندامی پایەبەرزی ئەو هێزە تیرۆریستییە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان‌دا کوژراون.

هەتا ئێستا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، بەحرەین و میسر، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی خۆیان تاوانبار کردووە.