کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ مووشەکییەکان لەسەر رێژیمی ئێران هەڵناگیرێت

22:05 - 18 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی لەمەڕ ئەگەری شکستی دانوووستانە ناوکییەی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی زێدە یەک کە ماوەی یەک ساڵ زیاترە بەردەوامە، هوشدارییان داوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوایین خولی دانوستانە ناوکییەکانی ئێران و گرووپی ١+٥ لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ناوکیی رێژیمی ئێران درێژەی هەیە. گەمارۆکانی سەر مووشەکە بالیستیکەکانی ئێران، فرۆشتنی چەک، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و توژینەوە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لەگرینگترین کێشەکانی گرووپی دانوستانکارن.

دەوترێت یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پرسی گەمارۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دژی بەرنامەی موشەکە بالیستیکەکانی رێژیمی ئێرانە کە لە ساڵی ٢٠١٠ لەشۆرای ئەمنیەتدا پەسند کرا.

هەواڵدەریی رویتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر لەسەر بەرنامەی ناوکیی لەگەڵ ئێران رێکبکەوین ئەوە گەمارۆکانی سەر بەرنامەی مووشەکە بالیستیکەکانی رێژیمی ئێران و فرشی چەکوچۆڵ هەڵناوەشێنینەوە.

دیپلۆماتێکی رۆژئاواییش لەو بارەیەوە وتوویەتی: ئێمە نامانهەوێت بە هیچ شێوەیەک گەمارۆکانی سەر بەرنامە مووشەکییەکەی رێژیمی ئێران لاببەین.

بەپێی رێکەوتنی لۆزان بڕیارە ئەگەر لایەنەکان بگەنە رێککەوتن ئەوە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانیش لابچێت هەرچەندە کارناسان لەو باوەڕەدان کە ئەگەری ئەوە لەئارادایە هەموو گەمارۆکان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە لا نەبردرێن و گوشارەکان لەسەر ئێران وەکوو خۆی بمێنێتەوە.