کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵە/ هەر چەشنە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران دەبێت کۆنگرەی ئامریکا قەبووڵی بکات

15:21 - 10 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: گرووپێک لە سێناتۆرەکانی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکا گەڵالەیەکیان پێشکەش بە کۆنگرە ئامریکا کردووە کە هەر جۆرە ئەگەری رێکەونی لەگەڵ ئێران دەبێت کۆنگرەی ئامریکا قەبووڵی بکات.

هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە کە لەو گەڵاڵەیەیدا پێشکەش بە سێنای ئامریکا کراوە؛ لەلایەن سێناتۆرەکانی باب کورکێر، رابێرت مێنێندێز، لیندزی گراهام و تیم کین ، داوایان لە دەوڵەتی ئوباما کردووە کە رەشنووسی ئەگەری رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا پێشکەشی کۆنگرە بکات.

بەپێی ئەم گەڵالەیە کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ژێر ناوی یاسای تاوتوێ و لێکۆڵینەوەی رێکەوتننامەی ناوکیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی پێشکەش بە مەجلیسی سێنا کراوە، هەر جۆرە رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی لە سەر بەرنامەی ناوکی دەبێت کۆنگرەی ئامریکا قەبووڵی بکات.

بەشێکی دیکەی ئەم گەڵالەیە تیشکی خستووەتە سەر لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و لەم پەیوەندییەدا سەرکۆماری ئامریکا لە لابردن یان بەدوا خستنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران هەتا ٦٠ رۆژ پاش رێکەوتنی ناوکی لەگەل تاران قەدەغە کراوە.

باب کورکێر، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی مەجلیسی سێنا، رۆژی رابردوو سەرەڕای راگەیاندنی پشتیوانی خۆی لە گەڵاڵەی پێشکەش کراو بە سێنا، جەختی لە سەر پەسند کردنی ئەم گەڵاڵەیە و راگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران کردووە.

ماوەیەک لەمەوبەر، کۆشکی سپی بڕیاری دا کە بارک ئوباما لە هەموو هێزێکی کەڵک وەرگرێت هەتا ئەگەری رێکەوتنی ناوکی لەگەل رێژیمی ئێران پێویستی بە پەسند کردنی کۆنگرە نەبێت.

پاش بڕیاری کۆشکی سپی و سەرنج نەدان بە کۆنگرەی ئامریکا لە ئەگەری رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران، سێناتۆرەکانی ئامریکا دژکردەوەی نیشان داوە و رایگەیاند لە چەندین بیانیەدا هەر جۆرە رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێران پێویستە کە کۆنگرەی ئامریکا قەبووڵی بکات.

ئاویەر.ت