کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل مڵۆزمی سەرەکیی بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەیە

17:59 - 12 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی ئاشکرایان کردووە، کە هێرشبەرەکەی شەوی یەکشەممە بۆ سەر ئەنباری مووشەکی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بوونە.

دوو ڕۆژ پاش هێرشە جەرگبڕ و کاریگەرەکەی شەوی یەکشەممە بۆ سەر هەندێ بنکەی سەربازیی لە شارەکانی حەمما و حەڵەب، بەرپرسانی ئامریکایی بە فەرمی ڕایانگەیاندووە، کە ئەو هێرشە لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.

سێ بەرپرسی ئامریکایی ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، بە کاناڵی ئین‏بی‏سیــیان ڕایانگەیاندووە، کە ئەو مووشەکانەی کە بنکە سەربازییەکانی ئەرتەشی سووریە و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیف پازدەی ئیسرائیلەوە هاوێژرابوون.

ناوبراوان هۆکاری ئەو هێرشەیان بۆ کردنە ئامانج و لەنێوبردنی ئەنباری ئەو مووشەکانی کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سووریە گوازرابوونەوە، باس کردووە.

هەواڵدەرییەکانی ناوچە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هێرشە، باسیان لە کاریگەری و وێکەوتنی خەساری قورس لە هێزەکانی بەشار ئەسەد و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کردووە.

ڕێکخراوی چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو، زۆربەی کوژراوانی ئەو هێرشە لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و لەو کەسانە بوون کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سووریە بەڕێ کرابوون.

تا ئێستە باس لە کوژرانی ٢٦ پاسداری ڕێژیمی ئێران لەو هێرشە دەکرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بارەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە.