کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ رێژەیەکی ١٤ هەزار کەسی لە دەرچووانی زانکۆکان بێکارن

14:26 - 19 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری ئیلام رایگەیاندووە کە رێژەیەکی ١٤ هەزار کەسی لە دەرچووانی زانکۆکان بێکارن و ئیلام لە پلەی پێنجەمی ئێران لە بواری بێکاری لە ماوەی چەند سالی رابردوودا جێی گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پارێزگای ئیلام سەرەڕای ئەوەیکە کەمترین حەشیمەتی هەیە و هاوکات یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێران لە بواری کانگا و پاشکەوتە ژێر زەوینییەکان، بەڵام یەکێک لە بێکارترین پارێزگاکانی ئێران بە ئەژمار دێت و لەو بوارەدا لە پلەی پێنجەمدا وەستاوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە سەدا ٧٠ی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان لە پارێزگاکانی ئورمیە، کوردستان و کرماشان بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری و گەمارۆ ئابوورییەکان داخراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە دەیان هەزار کەس لە حەشیمەتی ئەو پارێزگایانە بێکار بن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیک بە لە سەدا ١٩ی حەشیمەتی چالاکی ١٩٠ هەزار کەسیی ئیلام لەگەڵ کێشەی بێکاری بەروڕوون.

بێکاری دەرچووانی زانکۆکان لە ئێراندا یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە بەردەوام رووی لە زیادبوون دایە و بەرپرسان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە هەڵناگرن.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە بەر دەستدایە، هەنووکە دەرچوانی زانکۆکان زیاتر لە سەدا ٣٠ی کۆی گشتیی بێکارانی کۆمەڵگای ئێران پێک دێنن و ئاماری بێکارانی خاوەن بڕوانامەی کارناسی و سەرەوەتر لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا بۆ ٥ میلیۆن کەس بەرزتر دەبێتوە.

بە وتەی کارناسان، بەڕێوەنەبردنی هاوتەریبی فێرکاریی تێیۆریک و پێداویستەکانی بازاڕی کار، لە بەرچاو نەگرتنی پێداویستیی کۆمەڵگا و لقی خوێندنی خوێندەواران، بەڕێوەچوونی مێکانیزمی لۆکاڵی لە زانکۆکان، وەرگرتنی خوێندکاران بێ سەرنجدان بە بازاڕی کار و نەبوونی لێهاتوویی و بە کارهاتوویی خوێندکاران لە پیشە و کاری پەیوەندیدار بە لقی خوێندنیان لە گرینگترین هۆکارەکانی بێکاری دەرچووانی زانکۆکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێ.

کازیوە.ر