کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمامزادەکان سەرچاوەی داهاتی ڕێژیمی ئێرانن

14:44 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بۆ هەرچی زیاتر تاڵان کردنی خەڵکی ئێران، خەریکە شوێنە پیرۆز و ئیمامزادکان بۆ شوێنی گەشتیاری دەگۆڕێت.

هەواڵدەرییەکانی ئێران باس لە سازکردنی سونا، مەلەگە و جەکووزی بە تێچووی ٣٠ میلیارد تمەنی، لە ژێرخانی ئیمامزادەیەک لە وەنەکی تاران دەکەن.

قاسم میرزایی، نوێنەری مەجلیسی رێژیمی ئێران لەو بارەوە ڕەخنەی لە شارداریی تاران گرتووە و ڕایگەیاندووە: بەکاربردنی داهاتەکانی شارداریی لەو شوێنانە بە بیانووی یارمەتیدان بە کاروباری ئایینییەوە جێگای ڕەزامەندی نییە.

لەم بارەوە پێشتر شارداری تاران لە ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردبوو، کە هەر جۆرە هاوکاری و یارمەتییەک بەو لایەنانە دەکرێت. میرزاییش لە قسەکانیدا، داوای بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو جۆرە پارە بەفێڕۆدانانەی شارداریی تارانی کردووە.

لە بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، پاش سپای پاسداران، ئەوقاف زۆرترین پشکی بوودجەی بەرکەوتووە.

ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە مەبەستی پەرەپێدان بە بیرۆکەی مەزهەبی شێعە وەلایەتی فەقیهـ و هەروەها تاڵان و ڕاوڕووتی هەرچی زیاتری خەڵک، بە بایەخدان بە گۆڕ و شوێنە ئایینییەکان، لەسەر ڕاکێشانی خەڵکی نێوخۆ و تەنانەت بیانی بەرەو ئەو شوێنانە کار دەکات.