کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكاران: ئامانجەكانی قازی محەممەدی مەزن، پێشەوا و ڕچەشكێنی ڕێی پڕشانازیی ئێمە و ڕەوایی ڕێگای شەهیدانی ئێمەیە

23:00 - 10 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠ی خاكەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی كوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

ئەو پەیامە لە لایەن سەلام ئیسماعیلپوور ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.

دەقی پەیامەکە:

نەتەوەی مافخوازی كورد و ئۆگرانی ڕێبازی پێشەوا!

درێژەدرانی ڕێگای شەهیدان!


لەگەڵ بەڕێوەچوونی كۆڕیادی ئەمڕۆماندا ٦٩ ساڵ بەسەر هەڵكشانی ئەستێرەئاسای چراكانی چوارچرا بۆ بەرزترین لووتكەكانی هەرمان و گەشانەوەی هەمیشەیی یاد و ڕێبازیان لە ئاسمانی خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەكەماندا تێدەپەڕێت. نزیك بە حەوت دەیە تەمەنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی مۆدێڕنی نەتەوەی كورد شایەتییەكی حاشاهەڵنەگر بۆ دروستیی باوەڕ و بەرزیی ئامانجەكانی قازی محەممەدی مەزن، پێشەوا و ڕچەشكێنی ڕێی پڕشانازیی ئێمە و ڕەوایی ڕێگای شەهیدانی ئێمەیە، ڕێبەرێكی هەتاسەر وەفادار و دەروەست بەو پەیمانەی كە بە گەلەكەی دابوو و بە خوێن و گیانی خۆی لاپەڕەیەكی زێڕینی مێژووی ئەو خەباتە پڕسەروەرییەی واژۆ كرد.

ئەگەرچی ڕێبازی ژیان و بیر و كردار و ڕێنوێنییەكانی هەر ڕێبەر و خەباتكارێك، بارتەقای هەوڵ و تواناكانی خۆی و پێگەیشتوویی و تێگەیشتنی كۆمەڵگاكەی، كاریگەری لەسەر نەسڵی هاوچەرخ و بگرە نەسڵەكانی دواتریش دادەنێت، بەڵام شێوازی مەرگی ئەو ڕێبەر و خەباتكارانەش یەكێك لەو فاكتەرانەیە كە دەتوانێ كاریگەرییەكە زیاتر پەرە پێ بدات و قووڵتری بكات و یاد و ناوی وەكوو سیمایەكی كاریزما و ئیلهامبەخشی شۆڕش و ژیانەوە، نەوەكانی دواڕۆژی كۆمەڵگا بەرەو نێڵدانی بەردەوامی كوورەی خەبات هان بدات.

قازی محەممەد و شەهیدان سەیفی قازی و سەدری قازی و شەهیدانی سەربەرزی كۆمار، نموونەی بەرزی ئەو كەسانە بوون كە ئەفسانەی مەرگ نەك هەر نەیتوانی كەسایەتی و كاریزمایان تێك بشكێنێ و زەفەر بە گەورەییان ببات، بەڵكوو مەرگیان كردە پەیژەیەك بۆ سەركەوتن بەرەو هەرمان و ژیانی تاهەتایی لە نێو باوەڕ و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەكەیاندا.

یادی ئەوان و وانەكانی خۆڕاگرییان نەك هەر بە مەرگی ڕواڵەتی نەكوژایەوە، بەڵكوو ساڵ بۆ ساڵ و دەیە بۆ دەیە بووژایەوە. ئەوان لە قرمەی چەكی موعینی و پەرتووكەكانی قاسملوو و بڕشت و ئیرادەی شەرەفكەندیدا سەرلەنوێ گەڕانەوە و لەگەڵ ئیمانی پۆڵایینی كەماڵ دەباغی و مەحموود كڵاشیدا جەللادخانەكانی داگیركەریان كردە قوتابخانەی شۆڕش.

ئەمڕۆ لە هەلومەرجێكدا كە پریشكەكانی ئاگری شەڕ و شۆڕش و پێكدادان سەرانسەری ناوچەی گرتۆتەوە، قەتاری مێژووی كوردستان بە ڕێڕەوێكی چارەنووسساز و سەردەمسازدا تێدەپەڕێت كە پێویستیی هاوئاهەنگی و پابەندبوونی هەموو چین و توێژ و لایەنەكانی كۆمەڵگای كوردی بە وانەكانی كۆمار و پێشەوا و شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەمان زیاتر لە هەمیشە بەرجەستە دەكاتەوە.

لە خۆرهەڵاتی ئەم نیشتمانەشدا سەرەڕای هەموو زەبروزەنگەكان لە لایەن ڕێژیمی داگیركەری تارانەوە، نەورۆزی ئەمساڵ شكۆی ڕاپەڕین و موژدەی هەڵگیرسانەوەی گڕكانی دوژمن‌سووتێنی شۆڕش و ڕاسانی بە دیاری هێنا.

ئێمە یەكێتییەكانی لاوان و ژنان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لێرە و لەو بۆنەیەدا وێڕای دەربڕینی دووبارەی وەاداری و دەروەستیمان بە درێژەدانی ڕیبازی شەهیدان، بەڵێن دەدەین كە تا وەدیهاتنی سەرجەم ئاواتەكانیان، لە تێكۆشان و خەبات ڕانەوەستین و بۆ ڕزگاری و ئازادیی خۆمان و نەتەوەكەمان، لە هیچ خەبات و قوربانیدانێك سڵ نەكەینەوە.

بەڕێز بێت یادی شەهیدانی سەربەرزی كورد و كوردستان

پڕڕێبوار بێت ڕیگای ئامانجەكانی پێشەوا قازی موحەممەد و شەهیدانی هاوڕێی

یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

١٠ی خاكەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی