کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ بێکاریی دەرچوانی زانکۆ لە ئامارە فەرمییەکاندا

14:07 - 8 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بێکاریی ٥ /٢ میلیۆن کەس لە ئێران، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی گوشاری ئابووری بۆ سەر هاووڵاتییان.

بەپێێ راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە لەلایەن ناوەندی ئامارەوە بلاو کراونەتەوە دەرخەری بێکاریی ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتین.

جێگری وەزارەتی کار رایگەیاندووە کە لە سەدا ٣١ی لە بێکارەکانی ئێران، واتە لانیکەم ٧٧٥ هەزار کەس، خوێندن لە زانکۆیان تەواو کردووە.

بێکار بوونی ٧٧٥ هەزار کەسی دەرچوو لە زانکۆ لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی رێژیمی ئێڕان، لە داهاتوویەکی نزیکدا ٥ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی دیکە خوێندن تەواو دەکەن و دەڕۆنە نێو بازاڕی کارەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئێران، ئامارە بڵاو کراوەکان لەلایەن رێژیمی ئێران وەک ئاماری بێکاری نادروست لەقەڵەم دەدەن و لەسەر ئەو باوەڕەدان کە ئێستا نزیک بە ١٠ میلیۆن لە هاووڵاتییانی ئێرانی کە ٥ میلیۆن کەسیان خوێندن لە زانکۆیان تەواو کردووە؛ بێکارن، بەڵام بە هۆی نەبوونی ناوەندێکی سەربەخۆ بۆ ئامارگیری، ئاماری راست بڵاو ناکرێتەوە.

بە وتەی کارناسان، نەبوونی رێکخستنی پەروەردەی زانکۆ لەگەڵ پێداویستیی بازاری کار، سەرنجنەدان بە لقە زانستییانە کە پێداویستیی کۆمەڵگایە، وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێداویستیی بازاری کار و چۆنیەتی پەروەردەی خوێندکار و ناشارەزایی خوێندکار لە لقە پسپۆڕییەکیدا، سەرەکیترین هۆکارگەلی بێکاریی دەرچووانی زانکۆکانی ئێران بە هەژمار دێن.

کارناسان لە سەر ئەو باوەڕەن کە بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئابووریی ئێران و گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، رەوتی نرخی بێکاری بەردەوام رووی لە زیادبوون دەبێت.

ئاویەر.ت